كێشه‌كه‌ی فاتیح شارستێنی و هه‌ڵۆ حه‌مه‌ره‌شید چاره‌سه‌ر كرا
وێستگه نیوز -
له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان كێشه‌ی نێوان مه‌لا فاتیح شارستێنی و مه‌لا هه‌ڵۆ حه‌مه‌ره‌شید له لقی سلێمانی چاره‌سه‌ر كرا و بڕیار درا جارێكی تر شتی له‌و شێوه دوباره نه‌بێته‌وه و لاپه‌ڕه‌یه‌كی تازه بكه‌نه‌وه، به هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتی له‌ئاستی پێگه و پیشه‌ی خۆیاندابن.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، ئه‌مڕۆ 18ی ئابی 2019 به مه‌به‌ستی ئاشتكردنه‌وه‌و رێگرتن له‌دروستبوونی درز‌و دووبه‌ره‌یی و نه‌هێشتنی ئاسه‌واری لێك تێنه‌گه‌یشتن و هه‌ڵسان به ئه‌ركی پیشه‌یی و به‌دواداچوونی دۆسیه‌كه‌و گه‌یاندنی په‌یام و رێنمایی و هۆشیاركردنه‌وه، له‌سه‌ر راسپارده‌ی د. عه‌بدوڵا مه‌لا سه‌عید سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و كاردانه‌وه و قسه له‌سه‌ر یه‌ك كردنه‌و به‌كارهێنانی مینبه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، مه‌لا فاتیح شارستێنی و مه‌لا هه‌ڵۆ حه‌مه‌ره‌شید بانگهێشتنی لقی سلێمانی یه‌كێتی زانایان كران.
ئامانجی دانیشتنه‌كه یه‌كلاییكردنه‌وه و دیاركردنی چاره‌سه‌ری گونجاو بوو له نێوان هه‌ردوو مه‌لا كه له‌و چه‌ند رۆژه‌ی رابردوو له‌رێی وتاری هه‌ینیه‌وه وه‌ك كاردانه‌وه قسه‌یان ئاراسته‌ی یه‌ك كرد و ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی زۆری له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه به‌دوای خۆیدا هێناو نیگه‌رانی لێ كه‌وته‌وه‌و، یه‌كێتی زانایانیش به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری گونجاو رێكار‌و هه‌نگاوی پێویستی گرته‌به‌ر.
له دانیشتنه‌كه‌دا به تێر‌و ته‌سه‌لی باس له‌و حاڵه‌ته كرا‌و په‌یامی یه‌كێتی زانایان له‌و باره‌و خرایه روو، هه‌روه‌ك تیشك خرایه سه‌ر رۆڵ و پێگه‌ی زانایانی ئایینی و گرنگی پاراستنی پێگه‌و پیشه‌یان، ئه‌وه‌ش روون كرایه‌وه كه مینبه‌ر شوێنی كاردانه‌وه‌و قسه‌ی نه‌شیاو نیه و ناكرێ به توندی و زمانی هه‌ڕه‌شه مامه‌ڵه بكرێت، چونكه ئه‌مه له‌گه‌ڵ په‌یامی ئیسلام یه‌ك ناگرێته‌وه‌و زه‌مینه‌ی ناحه‌زانی ئیسلام خۆش ده‌كات و له‌و په‌نایه توانج و قسه‌ی ناشیرین به‌رامبه‌ر مینبه‌رو زانایان و گوتاری ئایینی دێته ئاراوه.
دواتر هه‌ردووكیان ئاشتكرانه‌وه‌و گه‌رده‌ن ئازایی و لێبوردنیان ئاراسته‌ی یه‌ك كرد‌و له كه‌شێكی برایانه بڕیار درا جارێكی تر شتی له‌و شێوه دوباره نه‌بێته‌وه‌و لاپه‌ڕه‌یه‌كی تازه بكه‌نه‌وه، به هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتی له‌ئاستی پێگه‌و پیشه‌ی خۆیان دابن، چونكه مامۆستای ئایینی نوێنه‌رایه‌تی ئایین ده‌كات و له‌سه‌ر مینبه‌رو له‌كاتی بانگه‌وازی و پیشه‌یی مه‌لایه‌تی پێویسته له‌ئاستی هۆشیاری و ئه‌دایه‌كی جوان و نوێنه‌رایه‌تیه‌كی راسته‌قینه دابن.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا یه‌كێتی زانایان داوا له مامۆستایانی ئایینی ده‌كات له‌و حاڵه‌تانه نه‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری سۆشیال میدیا‌و نه‌بنه مایه‌ی گه‌رم كردن و وروژاندنی پترو قسه‌ی نه‌شیاو و ته‌رفگیری ئه‌م و ئه‌و، هه‌ڵه به هه‌ڵه چاره‌سه‌ر ناكرێ به‌ڵكو ده‌بێ هه‌مووان وه‌ك یه‌ك جه‌سته هه‌ست به ئازار‌و لێكه‌وته‌ی ئه‌و جۆره حاڵه‌تانه بكه‌ین و هه‌میشه به ئارامی و حیكمه‌ته‌وه هه‌نگاو بنێین، هه‌وڵبده‌ین به‌گیانی برایه‌تی و سینگفراوانی و ئادابی مه‌لایه‌تی ببینه ئاوێنه‌ی یه‌كترو له‌پێناو خزمه‌تی ئیسلام و موسڵمانان ته‌واوكاری یه‌كتر بن، هه‌روه‌ك ده‌خوازین هه‌موو لایه‌ك كۆتایی به‌م باسه بێنن و ئه‌م دۆسیه‌یه دابخه‌ن.
له‌ماوه‌ی چەند رۆژی رابردوو لە رێی وتاری هەینییەوە، وەك کاردانەوە به‌هۆی كلیپێكی هونه‌ریی، هه‌ردوو مامۆستای ئایینی به زمانێكی توند ره‌خنه‌یان له یه‌كتر گرت، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێنا و نیگەرانی لێکەوتەوە.
PM:06:51:18/08/2019
ئه‌م بابه‌ته 7224
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت