قائیمقامی فەلوجە داوای لێبوردن لە هەرێمی كوردستان دەكات


وێستگە نیوز -
پێش چەند رۆژێك چەند كەسێك لە دانیشتوانی خەڵكی فەلوجە بەلێدان و سوكایەتیپێكردن دەستدرێژییان كردەسەر كوردێك،بەو هۆیەوە  عیسا سایر قائیمقامی فەلوجە داوای لێبوردن لە هەرێمی كوردستان دەكات و تەئكیدیش دەكاتەوە ئەوە هەڵسوكەوتی تاكەكەسی بوە و نوێنەرایەتی قەزاكەیان ناكات.

عیسا سایر لەنامەیەكی لێبوردندا بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان نوسیویەتی "ئەوەی رویدا چەند كەسێكی سەرخۆش بون و دەستدرێژییان كردوەتەسەر خاوەنی خواردنگەیەك، كە خەڵكی هەرێمی كوردستانە و روداوەكەش درەنگانێكی شەو رویداوە".
ئاماژەی بەوەشداوە، روداوەكە دوو رۆژ پێش ئێستا بوە و دەستدرێژیكارانیش نوێنەرایەتی خەڵكی فەلوجە ناكەن، بەتایبەت كە شارەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی هەولێر باوەشی بۆ كردنەوە، ئەو كەسەش كە هاتە فەلوجە و خواردنگەی كردەوە پێشوازی لێكرا و حكومەتی خۆجێی رێوشوێنەكانی بۆ ئاسان كرد و رێگەی پێدا.

قائیمقامی فەلوجە تەئكیدیشی كردوەتەوە، ئەوەی روویداوە لە دەرەوەی رەوشت و هەڵسوكەوتی خەڵكی شارەكەیە، هەروەك دەڵێت "بەناوی حكومەتی خۆجێی و خەڵكی فەلوجەوە داوای لێبوردن لە كەسوكارمان لە هەرێمی كوردستان دەكەین و شەو و رۆژ لەگەڵ خاوەنی چێشتخانەكەدا دەبم و لێپرسینەوەش لەگەڵ سەرجەم ئەو كەسانەدا دەكرێت كە دەستدرێژییان كردەسەری و دەستگیركراون و راپێچی دادگا دەكرێن، دووبارە داوای لێبوردن لە گەلەكەمان لە هەولێر و شارەكانی تری هەرێمی كوردستان دەكەین، كە هاوكارییان كردین لە مەینەتی و ئاوارەییدا".

پێش چەند رۆژێك چەند كەسێك لە دانیشتوانی خەڵكی فەلوجە بەلێدان و سوكایەتیپێكردن دەستدرێژییان كردەسەر كوردێك، كە لەشارەكەدا خواردنگەی داناوە و داوایان لێكردبوو خواردنگەكەی دابخات، دواتریش لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی فەلوجەوە دەستدرێژیكاران دەستگیركران و خواردنگەكەشیان بۆ گەنجە كوردەكە كردەوە.


PM:03:28:17/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 2840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو