گه‌نجێك له‌ ده‌ریاچه‌ی دوكاندا خنكا

‌وێنە-ئەرشیف

وێستگه‌ نیوزـ

دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ هاوڵاتییه‌ك له‌ ده‌ریاچه‌ی دوكان له‌كاتی مه‌له‌كردندا خنكا و له‌لایه‌ن هاوڵاتیان و تیمه‌ فریاگوزارییه‌كانه‌وه‌ ته‌رمه‌كه‌ی ده‌رهێنرایه‌وه‌.

سیروان سەرحەد، قایمقامی قەزای دوكان كه‌ بۆ چاودێریكردنی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان و جێبه‌جیچكردنی رێنماییه‌كان بەشێوەیەکی مەیدانی له‌ ناوچه‌كه‌دا بوو، رایگه‌یاند:ئەو گەنجەی خنكاوە تەمەنی 22 ساڵە بە رەگەز عەرەبە و خەڵكی پارێزگای دیالە.

وتیشی: ئەو شوێنەی ئەو گەنجە لێی خنكاوە پێی دەوترێت بەری ساردكە، پێشتریش چەند رووداوێكی ھاوشێوەی لێ رووداوە و پەرژین كراوە بۆ ئەوەی گەشتیار بۆی نەچن.

سیروان سەرحەد وتیشی: بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن پۆلیس پێاندراوە، ئەو گەنجە نەخۆشی شێرپەنجەی ھەبووە و لە نەخۆشخانەی ھیوا لە سلێمانی چارەسەری پێدراوە، بۆ گەشتكردن ھاتووەتە دوكان و لەناو ئاوەكەدا خنكاوە.

قایمقامی قه‌زای دوكان باسی له‌وه‌شكرد كه‌ پێشتر وەك ئامادەكاری بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژن، كۆمەڵێك رێنماییمان لە وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگای سلێمانی پێگەیشتووە، ئێمەش لەگەڵ خاوەن پڕۆژەكانی گەشتیاری كۆبوینەوە و رێنماییەكانمان پێداون، كە بریتین لە سەلامەتی و نرخ و پاك و خاوێنی، لە چەندین شوێن نوسراوە مەلە كردن قەدەغەیە.




PM:02:37:13/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 2148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت