نەجمەدین کەریم و ڕێبوار تاڵەبانی کێشە لەنێو پارتییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دروست دەکەن

‌نەجمەدین کەریم و ڕێبوار تاڵەبانی

وێستگە نیوز-
ئەندامەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە پشکی پارتی نیگەرانن لە زۆر گرنگیدانی سەرکردایەتی پارتی بەنەجمەدین کەریم و رێبوار تاڵەبانی.

لەدوای ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە دۆخی کەرکوک و ئیدارە و بەڕێوبەریی شارەکە بەجۆرێک گۆرانکاری بەسەردا هات کە هیچ شتێکی لەجێی خۆی نەما و لەدوای ١٥ ساڵ لە جێگیربونی هێزە ئەمنییە کوردییەکان کە لە لیواکانی پێشمەرگەی پارتی و یەکێتی و هەروەها هێزەکانی ئاسایشی پارتی و یەکێتی پێکهاتبون لەو پارێزگایە پاشەکشەیان کرد و هێزەکانی سوپای عیراق و میلیشیا شیعەکان جێگەیان گرتنەوە و شارەکەیان داگیر کرد.

هەروەها لەڕوی سیاسی و ئیداریشەوە لەدوای ئەو روداوەوە شارەکە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتوە و لەو کاتەشەوە نەتوانراوە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هیچ کۆبونەوەیەکی سەرکەوتو بکات چونکە ئەندامانی پارتی لە ئەنجومەنەکە بە فەرمانی سەرکردایەتی حزبەکەیان نەچونەتەوە بۆ شارەکە و هەروەها هەریەکە لە نەجمەدین کەریم پارێزگاری لەسەر کارلادراوی کەرکوک و ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکوک نەگەڕاونەتەوە بۆ شارەکە.

بەوهۆیەشەوە ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی کەرکوک، نەجمەدین کەریم کە پێشتر ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بو هەروەها رێبوار تاڵەبانی کە بەرپرسی باڵای یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان بو لەدوای روداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە لە پارتی نزیک بونەتەوە و لە ئێستاشدا لە هەولێر نیشتەجێن و هەڵوێستەکانیشیان هەمان ئەو هەڵوێستانەیە کە پارتی دەیەوێت.

بەپێی زانیارییەکانی وێستگە نیوز"لە ئێستادا پارتی دوو ڤێلای لە گوندی ئیتاڵی داوە بە ڕێبوار تاڵەبانی و هەروەها ژمارەیەک پاسەوانی تایبەتی لە هێزەکانی زێرەڤانی بۆ دابین کردوە و هەندێک کۆبونەوەی تایبەتیشی لەگەڵدا کردوە".

هەر بەپێی زانیارییەکانی وێستگە "پارتی ڤێلایەکی گەورەی لە مەسیف سەڵاحەدین داوە بە نەجمەدین کەریم پارێزگاری لەسەرکارلادراوی کەرکوک و هەروەها ژمارەیەک پاسەوانیشی بۆ دابین کردوە و لە نوێترین پێشهاتیشدا بەفەرمی لەئاستی سەرۆکایەتی پارتیدا دەستوێوەردان کراوە لە دۆسیەی دەستگیرکردنەکەیدا لە لوبنان و پارتی بە فەرمی داوای ئازادکردنی ناوبراو و گەڕانەوەیی کردووە بۆ هەولێر".

هاوکات ئەمڕۆ دوشەممە رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند "ئەستۆ پاکی لەلایەن دادگای کەرکوەوە وەرگرتووە و له‌ داهاتوودا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك" ئەوەش لەکاتیکدا کە پێشتر لەسەر ژمارەیەک دۆسیە سکاڵای لەسەر بو وە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دەرچوبو.

رێبوار تاڵەبانی سوپاسی خودی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و وتی "سوپاسی "سەرۆک بارزانی" و ستافەکەی و هاوکارییەکانی ئەوان و حکومەتی هەرێم و حیزبە کوردستانییەکان دەکەم کە پاڵپشتم بون لە کەیسەکەمدا تا کاتی داخرانی مەلەفی ئەو سکاڵایەنەی کە لە سەرم تۆمار کرابو".

لەبارەیەوە وێستگە نیوز زانیویەتی "لەو کەیسی سکاڵایەدا کە لە دادگای کەرکوک لەسەر رێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک تۆمار کراوە پارتی یارمەتی ناوبراوی داوە و بڕی ٨ دەفتەر دۆلار واتە بڕی ١٠٠ ملیۆن دیناری داوە بە دادگای کەرکوک بۆ لێخوشبونی سکاڵاکەی تاڵەبانی".

ئەم هەڵوێستانەی پارتیش بەرامبەر ئەو دوو کەسایەتییە کە هیچیان بە فەرمی تا ئێستا پارتی بونی خۆیان رانەگەیاندوە، نیگەرانی ئەندامە پارتییەکانی نێو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و بەرپرسە باڵا پارتییە کەرکوکییەکانی لێکەوتەوە و لە ئێستادا ئەوان خۆیان بە پشتگیوێخراو و پەراوێزخراو دەزانن.

دڵشاد پیرۆت ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەسەر پشکی پارتی بەوێستگە نیوزی راگەیاند "سەرکردایەتی پارتی ئازادە چۆن مامەڵە لەگەڵ نەجمەدین کەریم دەکات، بەڵام ئێمە وەکو ئەندامانی ئەنجومەن هەمومان باش دەزانین کە نەجمەدین کەریم کەسێکی گەندەڵ و دز و ناڕاستگۆیە و دەیان مەلەفی گەندەڵی لەسەرە".

دڵشاد پیرۆت ئاماژەی بەوەدا "ئەو کاتەی کە میزانیە هەبو لە کەرکوک گەندەڵی نەبو نەجمەدین کەریم نەیکات، تەنها لەو لیژنەیەی کە من ئەندام بوم لە لیژنەی پرۆژەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ٥٩ سکاڵای فەرمی هەبو لەسەر ناوبراو و بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکرا".

هاوکات ئەندامێکی باڵای پارتی لە کەرکوک کە نەیوست ناوی ئاشکرا بکرێت بە وێستگە نیوزی وت "لە ئێستادا پارتی بەشێکی زۆر لە کادیرە دڵسۆزەکانی خۆیی لە کەرکوک ئیهمال کردوە و کە رۆژانێک گیانی خۆیان خستبوە سەر دەستیان لەپێناو پارتی و بارزانی و کورد بەڵام لە بەرامبەردا ئێستا کەسانێک خزمەت دەکرێن و دەکرێن بە پاڵەوان لە میدیاکانمانەوە کە رۆژانێک سوکایەتیان بە پارتی دەدا و تا ئێستاش ناڵێن خۆیان بە پارتی نازانن".

وێستگە ئەوەشی زانیوە "یەکیکە دیکە لەو کەسانەی کە لەسەر ئاستی باڵا لە پارتی نیگەرانە، عەمید سەرحەد قادر بەڕێوبەری پێشوی پۆلیسی قەزا و ناحییەکانی کەرکوکە و ناوبراویش بەهۆی ئەو سکاڵایانەی کەلە دادگای کەرکوک و بەغداد لەسەر بوە بەهۆی بەشداریکردنی لە چالاکییەکانی ریفراندۆمدا، ناوبراو پاڵپشتی نەکراوە لەلایەن پارتیەوە لەو کەیسەدا و دوای ئەوەی کە فەرمانی گرتنەکەی براوە بۆ سلێمانی بە ناچاری لە هەرێم چووەتە دەرەوە و ئێستا لە وڵاتیکی ئەوروپا دەژی".

وێستەگە لە بەدواداچونەکانیدا ئەوەشی بۆ دەرکەوتوە "لەم هەفتەیەدا نێچیرڤان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی ، بڕی دوو دەفتەری دۆلاری ناردوە بۆ ئەندامە پارتییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و بەڵام ئەوان رەتیان کردووەتەوە چونکە خۆیان بە فەرماشۆکراو ناوبردوە".

وێستگە ئەوەشی بۆ ئاشکرا بوە "پارتی پارەی داوە بە  چەند ئەندامێکی عەرەب و تورکومان بۆ ئەوەی بەشدار نەبن لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک".

هەر لەسەر ئەو نیگەرانییەنەش هاوکات کاوێز مەلا پەروێز رۆژنامەنوسی پارتی لە فەیسبوکی خۆی  نوسیویەتی "ئەگەر ئەتانەوێ، بزانن نەجمەدین کەریم گەندەڵە سەردانێکی کاک دڵشاد پیرۆت بکەن، یان ئەگەر مەیلتان هەبوو شتێک لەسەر ئەو پیاوە گەندەڵە بزانن، لوتف بکەن ئەم دەنگە کە قورگێکی ساغی کەرکووکە بژنەون، دواتر گلەیی نەکەن".

هــ. ب



PM:03:26:01/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 16104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو