ئه‌مریكا له‌ خانه‌نشینكردنی گه‌وره‌ ئه‌فسه‌رێكی عیراق نیگه‌رانه‌


وێستگه‌ نیوزـ

باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ نیگه‌رانیی خۆی له‌ خانه‌نشینكردنی فه‌رمانده‌ی پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی شاری موسڵ ده‌ربڕیوه‌.

سایتی روسیا توده‌ی له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی عیراقی بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا گفتوگۆ له‌نێوان چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی ناو حكومه‌ت و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان به‌ ئاگاداریی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ عیراق كراوه‌.

ئاشكراشیكردوه‌ كه‌ گفتوگۆكه‌ له‌سه‌ر خانه‌نشینكردنی لیوا نه‌جم عه‌بدوڵا جبوری، فه‌رمانده‌ی پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی شاری موسڵ بووه‌ و له‌و كفتوگۆیه‌دا باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا به‌ ناڕاسته‌وخۆ نیگه‌رانیی له‌ گۆڕینی جبوری و خانه‌نشینكردنی ده‌ربڕیووه‌.

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ حه‌شدی شه‌عبی ده‌ست به‌سه‌ر دۆسیه‌ی ئه‌منیی موسڵدا بگرێت، ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی دانانی فه‌رمانده‌یه‌كی نوێی پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كان بۆ موسڵ كه‌ سه‌ربه‌ حه‌شد یان نزیك له‌ حه‌شد بێت.

هاوكات سه‌رچاوه‌كه‌ رایگه‌یاندوه‌ كه‌ چه‌ند لایه‌نێكی ناو حه‌شدی شه‌عبی لیوا نه‌جم جبوری به‌ یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌ نزیكه‌كانی ئه‌مریكا ده‌زانن و ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ جبوری شانبه‌شانی ئه‌مریكا دژایه‌تیی خۆی بۆ بونی حه‌شدی شه‌عبی له‌ موسڵ ده‌رببڕێت.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا، حكومه‌تی عیراق لیوا نه‌جم جبوری خانه‌نشین كرد و له‌جێگه‌ی ئه‌و لیوا روكن نومان عه‌بدوڵا زه‌وبه‌عیی كرده‌ فه‌رمانده‌ی پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی موسڵ.

جبوری ساڵی 2009 عیراقی جێهێشت و تا ساڵی 2014 له‌ زانكۆی به‌رگریی نیشتمانیی واشنتن كاری كرد، پاشان ساڵی 2015 گه‌ڕایه‌وه‌ عیراق و كرا به‌ فه‌رمانده‌ی پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی موسڵ.

لیوا نه‌جم عه‌بدوڵا جبوری


PM:09:56:09/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 3408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت