ڤیدیۆیەکی نەبینراوی مەراسیمی نوێژکردن لەسەر تەرمی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران بڵاودەبێتەوە

‌ئیمام خومەینی، ئێف پی

وێستگە نیوز-
میدیایەکی ئێرانی ڤیدیۆیەکی ساتی نوێژکردنی لەسەر تەرمی خومەینی بۆ یەکەمین جار بڵاوکردەوە.

ماڵپەری جەمەرانی ئێرانی ڤیدیۆیەکی تایبەت و نەبینراوی ٣٠ ساڵ لەمەوبەری ساتی ناشتنی ئیمام خومەینی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی بڵاوکردووەتەوە کە سەدان هەزار هاوڵاتی بەشداری مەراسیمەکە دەکەن. 

ڤیدیۆکە رۆژی ٤ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٩ لە تاران رۆژێک دوایی کۆچی دوایی رابەری شۆڕشی ئێران تۆمارکراوە.
ئەو ڤیدیۆیە لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا چەندین ملیۆن بینەری هەبوە.

خومەینی، ناوی تەواوی ئایەتوڵڵا سەید ڕوحوڵڵا موستەفەوی خومەینیە و ناسراوە بە "ئیمام خومەینی" و لە رۆژی ٢٤ی ئەیلوولی ١٩٠٢ لە شاری خومەین لە بەشی ناوەندی ئێران لە دایک بووە و نوسەر و شاعیر و مامۆستای ئاینی بوە و دواتریش بەهۆی جموجۆڵە سیاسییەکانی و بەهۆی کاریگەرییە فراوانەکەی لە ساڵی ١٩٧٩ پێشەوایی جەماوەریی ئێرانی کرد لە ڕووخانی ڕژیمی پەهلەوی و سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و دواتر بوو بە پێشەوای ئێران و تا ساڵی ١٩٨٩ ھەر لەم پۆستە مایەوە و رۆژی  ٣ی حوزەیرانی ١٩٨٩ بەهۆی نەخۆشی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.

رۆژی  ٤ی حوزەیرانی ١٩٨٩ لە تارانی پایتەختی ئێران بە ئامادەبونی سەدان هەزار هاوڵاتی نویژی لەسەر کرا و دواتریش بە خاک سپێردرا و تا ئێستاش لە ئێراندا وەکو پێشەوایەکی ئاینی و گرنگی مێژویی و پیرۆز ناوی دەهێنن.


هــ. ب


PM:12:14:09/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 13028 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت