پەرلەمانتارێکی عیراق: سوتاندنی دە‌غڵودانی جوتیاران دەستی وڵاتانی دراوسێی لەپشتە


وێستگە نیوز-
پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی بونیاتنان رایدەگەێنێت "بەشێک لە سووتاندنی دەغڵودانی جوتیاران دەستی وڵاتانی دراوسێی لەپشتە".

ئەمڕۆ موختار موسەوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بونیاتنان و رێکخراوی بەدر رایگەیاندوە "گوماندەکرێت بەشێک لە وڵاتان لەوانە کەنداو، بەتایبەتی سعودیە، ئیمارات و ئوردن دەستیان لە ئاگرکەوتنەوە لە دەخل و دانی جووتیاران هەبێت تاوەکو ئابووری عێراق لاوازبکەن".

موختار موسەوی ئاماژەی بەوەشکرد "هەندێک هۆکاری دیکە دەستی ئەنقەستە و دەیانەوێت فتنە و ئاشووب لەنێوان پێکهاتەکان و دانیشتووانی عێراق دروستبکەن بە سووتاندنی دەخل و دانی جووتیاران".

ئەو پەرلەمانتارە رەخنەی لە وەزیری کشتووکاڵی عێراق گرتووە و وتویەتی "وەزیری کشتووکاڵ لە ئاستی پێویست نییە و ناتوانێت کاروباری وەزارەتەکەی بە باشی راییبکات".

هاوکات شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی لێژنەی ئاساییکردنەوەی کەرکووک و پەرلەمانتاری پێشوی پارتی لە پەرلەمانی عیاقر ڕاگەیاندوە "بابەتی سووتانی دەغڵودانەکان دەستی داعش تێدا نییە، بەڵکو بەشێک لە میلیشیاکان بە جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکی دێن و دەغلودان دەسووتێنن، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان، بەڵام بۆ نموونە لە سنووری خورماتوو، ئامرلی و ناوچەکانیی بەشیر و یایچی لە سنووری کەرکووک دەغڵیان ناسووتێت، چونکە تورکمانی شیعەی لێیە و ئەوەشمان بە بەرپرسانی حکومەتی عیراق وتووە".

 
شاخەوان عەبدوڵا ئاماژەی بەوەداوە "لە سنووری تکریتیش زەوی بەشێک لە عەرەبە سوننەکان دەسووتێنێت، ئەمکارە بەرنامەیەکە لەلایەن هەندێک لە میلیشیاکانەوە جێبەجێ دەکرێت، بەڵگە هەیە کە ئاگر لە تەنیشتی ڕەبایەیەکی پۆلیسی فیدراڵییەوە دەستی پێ کردووە و ئێمە هەندێ لایەنمان لێ ئاگادار کردووەتەوە و حکوومەتی فیدراڵی عێراقیش ناچارە قەرەبووی ئەو جووتیارانە بکاتەوە، لەبەر ئەوەی زۆربەی جووتیاران بنە تۆویان بە قەرز هێناوە و جووتیان بە قەرز کردووە".


شاخەوان عەبدوڵا هۆکارێکی دیکەی سووتانی دەغڵودانی جووتیاران بۆ هەڵەی وەزیری بازرگانیی عێراق گەراندووەتەوە و وتویەتی  "هەڵەی کرد کە ڕای گەیاند ئەمساڵ پێویستیان بە هاوردەکردنی گەنم نییە"، سووتانی دەغڵەکان دەستی وڵاتانی ناوچەی تێدایە کە لەلایەن میلیشیا ناوخۆییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت، مافیاکانی هاوردەی گەنم لە عێراق کە ساڵانە ملیاران دینار دەبەن هۆکارێکی دیکەن".


هــ. ب


PM:09:00:08/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 3304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت