فه‌ره‌نسا داوا ده‌كات دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عیراق پێكبهێنرێت


وێستگه‌ نیوزـ

وه‌زیری دادی فه‌ره‌نسا ئاشكرایكرد كه‌ وڵاتانی ئه‌وروپا گفتوگۆیان له‌سه‌ر دامه‌زراندنی دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عیراق كردوه‌ تا له‌ناو خاكی عیراقدا دادگایی داعشه‌ بیانییه‌كان بكه‌ن.

نیكۆڵ بیلۆبێ، خانمه‌ وه‌زیری دادی فه‌ره‌نسا به‌ ئێزگه‌ی مۆنتی كارلۆ-ی وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاندوه‌: بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌و دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوكارێكی خۆی كه‌ وه‌زیری داد و ناوخۆی وڵاتانی ئه‌وروپان، پێشنیاز كردوه‌.

وتیشی گفتوگۆكان له‌ نێوان گروپێك له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه‌ به‌تایبه‌ت وه‌زیرانی دادی فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و ئیسپانیا و ئیتالیا له‌خۆده‌گرێت.

وتیشی، بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌و دادگایه‌ له‌ سوریا نابێت، به‌ڵكو ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه‌ له‌ عیراق دابمه‌زرێت، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ ره‌زامه‌ندیی عیراقی ده‌وێت.

وه‌زیری دادی فه‌ره‌نسا مه‌رجی ئه‌وه‌شی هه‌بوو كه‌ ده‌بێت دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ واز له‌ سه‌پاندنی سزای له‌سێداره‌دان بهێنێت، وتیشی ده‌كرێت دادوه‌رانی ئه‌وروپا و فه‌ره‌نسا و عیراقیش له‌ دادگاكه‌دا به‌شداربن.

سه‌باره‌ت به‌ سه‌پاندنی سزای له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر داعشه‌ فه‌ره‌نسییه‌كان له‌لایه‌ن عیراقه‌وه‌، نیكۆڵ بیلۆبێ رایگه‌یاند كه‌ چه‌ندینجار داوایان له‌ به‌غدا كردوه‌ سزای له‌سێداره‌دان جێبه‌جێ نه‌كات و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ گفتوگۆ به‌رده‌وامه‌.

به‌مدواییه‌ حكومه‌تی عیراق سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ر 11 داعشی فه‌ره‌نسیدا سه‌پاند كه‌ له‌ سوریا ده‌ستگیركرابوون و ره‌وانه‌ی به‌غدا كرابون، بڕیاره‌كه‌ی به‌غداش ناڕه‌زایی زۆری له‌ فه‌ره‌نسا نایه‌وه‌.


PM:07:40:06/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 1856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت