وته‌بێژی یه‌كێتی: سیاسەتی خۆسەپاندن لەژێر چەتری زۆرینەی پەرلەمانیدا نامانگەیەنێتە پێكهاتن


وێستگه‌ نیوزـ

دوای رونكردنه‌وه‌كه‌ی وته‌بێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، وته‌بێژی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: سیاسەتی پەراوێزخستن و خۆسەپاندن لەپاڵ و لەژێر چەتری زۆرینەی پەرلەمانیدا نامانگەیەنێتە پێكهاتن و رێككەوتن.

لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی لەبارەی روونكردنەوەكەی ئەمڕۆی وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاند: تەنها رێككەوتن كە لەنێوان بەڕێزان كاك كۆسرەت و كاك مەسعود لەسەر پارێزگاری كەركوك كراوە دانانی پارێزگارێكی یەكێتی خەڵكی كەركوكە ئەوەی ئەوان باسی دەكەن پێشنیاری لیژنەیەكی هاوبەش بووە و هەرگیز بڕیاری لەسەر نەدراوە .

وتیشی: دواكەوتنی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەستۆی سیاسەتی بەكارهێنانی زۆرینەی پەرلەمانییە بۆ پەراوێزخستنی هێزەكانی تر و خۆسەپاندن و تاكڕەویی و بێ منەتی بەرامبەر پێداگرییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە كە لەسەر شەراكەتی راستەقینە و هاوسەنگی بناغەی پتەوی حكومڕانییەكی بەهێز و رەشید پێكدەهێنێت.

لەتیف شێخ عومەر ئاماژەی بەوەشكرد، پەرۆشی بۆ كەركوك و ناوچەكانی ماددەی 140 لەپەیڕەوكردنی سیاسەتێكی یەگكرتوو نەتەوەیی هاوبەشەوە دەستپێدەكات، لەنێوان سەرجەم هێزە سیاسییەكان نەك هەوڵدان بۆ پشتگوێخستنی داخوازی رەوای هێزێكی وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لەهەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەدا بەتەنها و لەبارودۆخێكی سەختی سیاسیدا زۆرینەی دەنگی خەڵكی لە كەركوك بەدەستهێنا و جارێكی تر كوردستانی بوونی كەركوكی سەلماندەوە.

وته‌بێژی یه‌كێتی داواكارییەكی ئاڕاستەی هەڤاڵانی پارتی كرد و رایگەیاند: هیوادارین هەڤاڵانی پارتی لە پەیامەكەی پشت هەڵوێستەكەی ئەمڕۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تێبگەن و ورد بیخوێننەوە كە سیاسەتی پەراوێزخستن و خۆسەپاندن لەپاڵ و لەژێر چەتری زۆرینەی پەرلەمانیدا نامانگەیەنێتە پێكهاتن و رێككەوتن.

دوای به‌شدارینه‌كردنی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ده‌نگدان به‌ كاندیدانی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، مه‌حمود محه‌مه‌د، وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: بەداخەوە برادەرانی یەكێتی بەبێ ڕەچاوكردنی بارودۆخی هەستیاری هەرێم و بە پشتگوێخستنی چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستان و ئیرادەی گەل، پشتیان لە ڕێككەوتنەكان كرد و ئامادەی دانیشتنی پارلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم نەبوون، هەروەكچۆن پێشتریش پشتیان لە ڕێككەوتن كرد و بەشداری كۆبوونەوەی 18ی شوباتی 2019ی پارلەمانی كوردستان نەبوون.

وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دەڵێت: بەداخەوە پشتكردنی برایانی یەكێتی لە ڕێككەوتنەكان و هەوڵدان بۆ كاتكوشتن لە چەند مانگی ڕابردوو ئەو گومانەیش دروست دەكات كە هەر لەسەرەتاوە ئەوان ئامانجیان بووە كە پڕۆسەی سیاسیی دوا بخرێت و پەك بخرێت و بە ئەنجام نەگات.

ئەمڕۆ سێشەممە 28ی ئایاری 2019، بە دەنگدان لە پەرلەمانی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی به‌ ده‌نگی 68 په‌رله‌مانتار بە سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا.

فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ به‌شداریی دانیشتنه‌كه‌یان نه‌كرد و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكیش ده‌نگیان نه‌دا.


PM:10:10:28/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 2560 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت