عیراق: کشانەوەی کارمەندانی ئێکسۆن مۆبیل سیاسییە


وێستگەنیوز-

 

وەزیرى نەوتی عێراق ڕایدەگەێنێت "کشاندنەوەى کارمەندانی کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل لە عێراق قبوڵکراو نییە و هیچ بیانوویەکی نییە".

ئەمرۆ یەک‌شەممە سامر غەزبان، وەزیرى نەوتی عێراق ڕایگەیاند "کشاندنەوەى کارمەندانی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل بەهۆى هەڕەشەی ئەمنیەوە نەبووە، بەڵکو بڕیارێکى سیاسییە".

سامر غەزبان ئاماژەی بەوەداوە "کشاندنەوەى کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل لە بەسڕە کاتییە و داواشمان کردوە دەتسەبجی بگەڕێنەوە پارێزگاکە".

وەزیرى نەوتی عێراق ئەوەشی وتوە "هەموو ڕێوشوێنێک گیراوەتە بەر بۆ پاراستنی کارمەندانی ئەو کۆمپانیا ئەمریکییە".

ئەوەش دوای ئەوە دێت دوێنێ شەممە ١٨ی ئایاری ٢٠١٩، کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل لە کێڵگەی قورنە یەکی شاری بەسرە کشایەوە و بەشێک لە کارمەندەکانی بەرەو بارەگاى سەرەکى کۆمپانیاکە لە شاری دوبەى ئیمارات ڕۆیشتون.

بەرپرسانی عێراق بە ئاژانسى ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە "کشانەوەى کارمەندەکانى کۆمپانیاکە لەو کێڵگەیە کاریگەرى لەسەر بەرهەمهێنانى نەوت نەبووە".

کشانەوەى کارمەندانى کۆمپانیاى ئیکسۆن مۆبیل کە کۆمپانیایەکى ئەمریکیە لە کاتێکدایە، بەهۆى هەڕەشەى ئێران و گروپە چەکداریەکانى نزیک لە ئێران لە ناوچەکەدا،لە ماوەی ڕابردوودا باڵیۆزخانەى ئەمریکا داواى لە کارمەندان و هاوڵاتییانى وڵاتەکەى کرد لە عێراق بکشێنەوە.

کۆمپانیای ئیسکۆن مۆبیل، کۆمپانیایەکی فرەڕەگەزی ئەمریکییە و بارەگای سەرەکی دەکەوێتە ویلایەتی تەکساس وڕێکس تیلرسۆن وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا خاوەنی کۆمپانیاکەیە، کە پێش مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئێستا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستەکەی دوریخستەوە.

بە گوێرەی ئەو داتا و ژمارانەی کە کۆمپانیاکە لە ساڵی ٢٠١٧دا ئاشکرایکردووە، ئیکسۆن مۆبیل لە بازاڕی وزەدا خاوەنی ٣٦٦ ملیار دۆلارە.

هـ.ب


PM:01:35:19/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 1412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت