سەرۆکی پەرلەمانی کوەیت: رەوشی ناوچەکە زۆر مەترسیدارە


وێستگە نیوز-

سەرۆکی پەرلەمانی کوەیت رایدەگەێنێت "گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ەەوشی ناوچەی کەنداو زۆر مەترسیدارە و جێی نیگەرانیـیە".

ئەمڕۆ پێنج‌شەممە مەرزوق ئەلغانم سەرۆکی پەرلەمانی کوەیت پاش دانیشتنێکی داخراوی نێوان پەرلەمان و حکومەتی وڵاتەکەی سەبارەت بە گرژیـیەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و رایگەیاند "دوای ئەوەی حکومەت ڕاپـۆرتێکی لە بارەی دۆخی ناوچەکە پـێشکەشکردوە بۆ پەرلەمان ڕوونبووەتەوە قۆناغی داهاتوو چەندە هەستیار و مەترسیدارە، بۆیە پـێویستە ئامادەکاری بکرێت و هەموو ڕێوشوێنێک بگیرێتەبەر بۆ خۆئامادەکردن بۆ هەموو ئەگەرەکان".

مەرزوق ئەلغانم ئاماژەی بەوەشدا "وەزیرەکان باسیان لە ئامادەکاریـیەکانی حکومەت کردووە بۆ ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە ناوچەکە".

دەربارەی ئەوەی هەتا چەند ئەگەر هەیە شەڕ لە ناوچەکەدا ڕووبدات، سەرۆکی پەرلەمانی کوەیت وتویەتی "بەپـێی ئەو زانیاریـیانەی لە لایەن کاربەدەستانی حکومەتەوە خراونەتە ڕوو، بەڵێ بە داخەوە شیانی ڕوودانی شەڕ هەیە و ئەگەری ڕوودانیشی زۆرە."

سەرۆکی پەرلەمانی کوەیەت وتیشی "دوو ڕۆژ لەمەوبەر میری کوەیت کاربەدەستان و خەڵکی وڵاتەکەی ئاگادارکردووەتەوە کە هەموو ڕێوشوێنێکی پـێویست بگرنەبەر و وریابن و ئامادەکاری بکەن بۆ هەموو ئەگەرەکان".

هــ.ب


PM:10:49:16/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 1988 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت