وێستگەنیوز راستی ئەو ڤیدیۆیە ئاشکرادەکات کە چەند کارمەندێک ئاهەنگ دەگێڕن بەبۆنەی وەرگرتنی موچەوە


وێستگە نیوز-

ئەمڕۆ پێنج‌شەممە گرتە ڤیدیۆییەک وەکو ئاگر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە تیایدا ژمارەیەک کارمەندی فەرمانگەیەکی حکومی ئاهەنگیان دەگێڕا بەبۆنەی وەرگرتنی موچەوە.

ڤیدیۆکە هەرزوو لە دەیان لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لاپەڕەی کەناڵە میدیاییەکانەوە بڵاوبوەوە و سەرجەم ئەو لاپەڕە و کەناڵە میدیاییانە بەبێ هیچ زانیارییەک تەنها ڤیدیۆکەیان بڵاوکردبوەوە.

وێستگەنیوز بەدوداچونێکی وردی بۆ راستی دروستی ئەو ڤییدۆیە کرد و پەیوەندی کرد بەو کەسەی کە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە.

لە بەدواداچونەکەی وێستگەدا دەرکەوت کەو ئەو ڤیدیۆیە ئەمڕۆ پێنج‌شەممە ١٦ی ئایاری ٢٠١٩ لە یەکێک لە ژورەکانی بەڕێوبەرایەتی منداڵانی سلێمانی سەر بە بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری گشتی سلێمانی تۆمارکراوە و ئەو کارمەندانەی کە لە گرتە ڤیدۆییەکەدا دەرکەوتون سەرجەمیان کارمەندی ئەو بەڕێوبەرایەتییەن و بەهۆی وەرگتنی موچەی مانگی شوباتەوە دوای سێ مانگ لە وادەی خۆی ئاهەنگ و شایی دەگیڕن.

وێستگە پەیوەندی کرد بەو کەسەی کە گرتە ڤییۆیەکەی تۆمارکردبو و دواتریش لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک داینابو، بەڵام دوای نزیکەی کاتژمێریێک ڤیدیۆکەی سڕیوەتەوە.

ناوبراو داوای لە وێستگە کرد ناوی نەهێندرێت سەرەتا ویستی زانیارییەکان بشێوێنێت بکات و وتی "ئەو ڤیدیۆیە لە کۆمپانیایەک تۆمار کراوە و کۆنە"، بەڵام دواتر وێستگە راستی و دروستی ڤیدیۆکەی لە بەدواداچونێکیدا ئاشکرا کرد.

بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتی منداڵانی سلێمانیی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە بە وێستگەنیوزی وت "ئەو ڤیدیۆیە ئەمڕۆ پێنج‌شەممە کاتژمێر ٣:٠٠ی دوانیوەڕۆ لە بەڕێوبەرایەتییەکەی ئێمە تۆمارکراوە و چەند کارمەندیکیشمان هەر بۆ خۆشی و شادی، ئاهەنگیان گێڕاوە و بەبێ مەبەستیش ڤیدیۆیەکەیان تۆماریان کردوە و دواتر یەکێک لە کارمەندەکانمان بەبێ پرس بڵاویکردووەتەوە".

ئەو بەرپرسەی بەڕێوبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەشدا "ئێمە ڕۆژانە کاتژمێر ١٢:٠٠ی دوانیوەڕۆ دەوامی فەرمیمان کۆتایی دێت بەڵام ئەمڕۆ بۆ وەرگرتنی موچەکانیان زۆرینەی کارمەندەکان تا کاتێکی درەنگ ماونەتەوە و دوای سی کاتژمێر لە چاوەڕوانی کە موچەکانیان هاتوە ئەوانیش بۆ خۆشحاڵی دەربڕین ئاهەنگیان گێڕاوە".

ئەو بەرپرسەی بەرێوبەرایەتییەکە وتیشی "ئەو رەفتارەی نواندویانە فەرمی و جوان نییە، بەڵام رەفتارێکی ئاساییە و لە هەموو شوێنێک کە کارمەندیک دوای ٣٠ ڕۆژ لەچاوەڕوانی موچە وەردەگرێت بێگومان دڵخۆش دەبێت جا چ بگات بە کارمەندێکی وڵاتی ئێمە کە موچەکانمان سێ مانگ دوادەکەوێت".

بەرپرسەکەی ئەوەشی وت "ئێمە گفتوگۆمان لەگەڵ کارمەندەکانمان کردوە و پێمان وتون کە بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیەکە کارێکی باش نەبوە، بەڵام ئێمە لەو وتە نەشیاوانە زۆر نیگەران بوین کە بە کارمەندەکانمان وتراوە لەپای ئەو ڤیدیۆیەدا و پێویستە ئەو بابەتە وەکو خۆی ببینرێت و بە مەبەست گەورە نەکرێت و نەشێوێنرێت".

هەرشمی کوردستان ماوەی ٦ ساڵە بە قەیرانیکی سەختی دارایی و ئابوریدا تێدەپەڕێت و حکومەتی هەریم لەو ماوەیەدا نەیتوانیوە موچەی چەند مانگێکی کارمەندانی وەزارەت و بەڕێوبەرایەتییەکانی دابەش بکات و لەمانگی ئەیلولی ٢٠١٥ەوە تاوەکو مانگی ئازاری ئەمساڵ سەرجەم مانگەکان حکومەت جگە لە دواکەوتنی دابەشکردنی موچە هەر فەرمانبەریکی بەڕێژەی جیاجیا پاشەکەوتی موچەکەی دەکرد و بۆیە لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا هەواڵی دابەشکردنیکردنی موچەش دەبووە یەکێک لەو هەواڵانە کە بەشێکی زۆری فەرمانبەران و هاوڵاتیان زۆر بە تاسەوە چاوەڕییان دەکرد.
هــ.ب


PM:08:40:16/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 15124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو