پارێزه‌رانی ئۆجالان: هێشتا هیچ دیدارێك ئه‌نجام نه‌دراوه
وێستگه نیوز -
پارێزه‌رانی رێبه‌ری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان رایانگه‌یاند كه هێشتا هیچ دیدارێك ئه‌نجام نه‌دراوه و چاوه‌ڕوانن لێدوانه‌كه‌ی وه‌زیری دادی توركیا جێبه‌جێ بكرێت.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 16ی ئایاری 2019 عه‌بدولحه‌مید گیول وه‌زیری دادی توركیا لابردنی قه‌ده‌غه‌ی دیداری عه‌بدوڵا ئۆجالان سه‌رۆكی زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان و پارێزه‌ره‌كانی راگه‌یاند.
پارێزه‌رانی عه‌بدوڵا ئۆجالان رێبه‌ری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه" سه‌باره‌ت به لێدوانه‌كه‌ی وه‌زیری دادی توركیا راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه و تیایدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "وه‌زیری داد رایگه‌یاندووه كه قه‌ده‌غه‌ی دیدار له‌گه‌ڵ ئۆجالان هه‌ڵگیراوه و ده‌رفه‌ته‌كانی دیدار له‌گه‌ڵ ئۆجالان ره‌خسێنراون".
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه "ئێمه به رای گشتیمان راگه‌یاندبوو كه 2ی ئایار دیدارمان له‌گه‌ڵ بریگرته‌كه‌مان ئه‌نجام داوه. هه‌ر ئه‌و كات رامانگه‌یاند كه له‌سه‌ر سكاڵای ئێمه ده‌رباره‌ی بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی چاوپێكه‌وتنه‌كان، دادگا‌ی سزا قورسه‌كانی بوورسا قه‌ده‌غه‌ی سه‌ر دیداره‌كانی هه‌ڵگرتووه".
پارێزه‌رانی ئۆجالان ده‌ڵێن: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌رچه‌نده دوای 2019/5/2 هه‌موو رۆژێك داواكاریی ئه‌نجامدانی دیدار پێشكه‌ش ده‌كه‌ین، به‌ڵام هێشتا هیچ دیدارێك ئه‌نجام نه‌دراوه، به بیانووی ئه‌وه‌ی له 2019/4/22 سزای دیسپلینی بۆ بڕاوه‌ته‌وه، رێگریی له چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌رێز ئۆجالان ده‌كرێت".
ئه‌وه‌شیان خستووه‌ته‌ڕوو كه "به گوێره‌ی لێدوانی وه‌زاره‌تی داد، كاتێك بڕیاری هه‌ڵگرتنی قه‌ده‌غه ده‌درێت، دیداری پارێزه‌ران به‌شێوه‌یه‌كی رێك‌وپێك ئه‌نجام ده‌درێن، هه‌روه‌ها مافه یاساییه‌كانی برای ئۆجالان بۆ دیدار، چاوپێكه‌وتنی خانه‌واده و پارێزه‌ران، په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ڕێگای ته‌له‌فۆن، نامه و ئامرازه‌كانی دیكه ناچارییه‌كی یاساییه".
راشیانگه‌یاندووه كه "له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه له رووی میكانیزمی دادپه‌روه‌رییه‌وه لێدوانی وه‌زاره‌تی داد كه یه‌كێكه له باڵاترین دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كان، وه‌ك ئیفاده‌یه‌كه كه به پێویست و یاسایی ده‌بینین، بانگه‌وازیی له هه‌موو داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین كه یاسا جێبه‌جێ بكه‌ن".
له به‌شێكی تری راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا پارێزه‌رانی ئۆجالان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه "كۆمیته‌ی رێگرتن له ئه‌شكه‌نجه (CPT) بۆ جاری یه‌كه‌م دوای سه‌ردانه‌كه‌ی نیسانی 2016، سه‌ردانی ئیمڕاڵی كردووه، پێشبینی ده‌كرێت سی پی تی پێشنیاز و ئه‌نجامه‌كانی له ئیمڕاڵی به راپۆرتێك بڵاوبكاته‌وه، ئێمه چاودێری ئه‌م بابه‌ته ده‌كه‌ین".
لە 15ی شوباتی 1999 دوای دەرچوونی لە یۆنان بەرەو ئەفریقا، عه‌بدوڵا ئۆجالان رێبه‌ری پارتی كرێكارانی كوردستان لە شاری نایرۆبی پایتەختی کینیا دەستگیرکرا و رادەستی تورکیا کرایەوە و له‌و كاته‌وه له زینداندایه.
له 27ی ته‌مموزی 2011وه رێگه‌نه‌دراوه عه‌بدوڵا ئۆجالان چاوی به پارێزه‌ره‌كانی بكه‌وێت كه زیاتر له 780 جار داواكارییان بۆ سه‌ردانی گرتووخانه‌ی ئیمرالی پێشكه‌ش كردبوو، به‌ڵام داواكارییه‌كه‌یان به‌رده‌وام ره‌تده‌كرایه‌وه.
PM:08:29:16/05/2019
ئه‌م بابه‌ته 1792
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت