٦ سەربازی سوپای تورکیا لەناوچەی بارزان کوژران


وێستگە نیوز-
لەئەنجامی چالاکیی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار، لە ناوچەی بارزان-ی سەر بە پارێزگای هەولێر شەش سەربازی سوپای تورکیا کوژران و دوانی دیکەش برینداربوون.

ئەمڕۆ پێنج‌شەممە ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لە ڕاگەیەندراوێکدا زانیاریی لەبارەی چالاکیی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە ناوچەی بارزان-ی سەر بە پارێزگای هەولێر، بڵاوکردەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل رایگەیاندوە "سوپای تورک ماوەیەکە لەنزیک گردی خوەدێ لە ناوچەی بارزانی باشوری کوردستان جێگیربوون، هێزەکانمان سەربازانی دووژمنیان خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە، لە ١٤/٥/٢٠١٩ کاتژمێر ٠٨:٤٠ خولەکی شەو لە چوار چێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی شەهید باگەڕ و شەهید ڕۆنیا، کە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەردەوامە، چالاکییەکیان ئەنجامدا، چالاکییەکە لە دوو قۆڵەوە پێکهات و لەنزیکەوە لە دووژمن درا، لەئەنجامدا چوار سەرباز کوژران و یەکێکی دیکەش برینداربوو، هاوڕێکانمان چوونە سەر لاشەی دووژمن و دەستیان بەسەر چەکێکی جۆری MPT-76-شدا گرت".

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل ئاماژەی بەوەداوە "هەمان ڕۆژ، هێزەکانمان لەدژی ئەو سەربازانەی، کە بە هێلیکۆپتەر لە ناوچەکە دایانگرتن، چالاکیی سابۆتاژـ تەقینەوەیان ئەنجامدا، لەو چالاکییەشدا دوو سەرباز کوژران و سەربازێکی دیکەش برینداربوو، سوپای تورک دوای چالاکییەکە بە هێلیکۆپتەر کوژراو و بریندارەکانی هەڵگرتەوە و ناچاربوو، کە هەموو سەربزەکانی بگوازێتەوە بۆ بارەگاکانی لە گردی خوەدێ و هیچ زیانێکیش بەر یەکینەکانی ئێمە نەکەوت".
 

هــ.ب




PM:08:16:16/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 1644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت