وتەبێژی حەشدی شەعبی: پۆلیس کەمتەرخەمە لە چالاکبونەوەی داعش لە کەرکوک


وێستگە نیوز-

هێرش و پەلامارەکانى داعش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان زیادی کردووە.

ئێوارەى دوێنێ چوارشەممە، چەکدارانى داعش لەسنورى قەزاى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک، هێرشیان کردە سەر هێزە عێراقیەکان و 4 ئەفسەرى پۆلیسى فیدراڵیان کوشت.

هێرشەکەى چەکدارانى داعش لەسنورى حەویجە، لەکاتێکدایە جم و جۆڵى داعش بەتەواوەتى زیادیکردووە، بە تایبەت لە پارێزگاکانى کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین.

عەلى حسێنى وتەبێژى حەشدى شەعبى، هێزەکانى پۆلیسى ئیتیحادى بە کەمتەرخەمیکردن تۆمەتبار کرد، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاندوە "داعش لەناوچەکەدا مەفرەزەیان هەیە، پۆلیسى ئیتیحادیش کەمتەرخەمن بۆیە ناوبەناو دەکەونە بەر هێرش و پەلامارى داعش."

لەسەرەتاى ئەم مانگەوە، داعش لەکەرکوک و دیالە چەندین هێرشیان کردۆتە سەر هێزە عێراقیەکان، کە هەندێک لەو هێرشانە ژمارەیەکى بەرچاو چەکدار بەشداربوون تێیدا.

ئەحمەد خورشید ئەندامى ئەنجومەنى قەزاى حەویجە، ژمارەى چەکدارانى داعشى لە سنورى حەویجە و حەمرین بە سەرووى هەزار چەکدار مەزەندە کرد، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"داعش لەو ناوچانە تونێل و جێگەى مەشق و راهێنانیان هەیە."

ئەحمەد خورشید ئاماژەی بەوەشدا "داعش بە مانگى رەمەزان بە مانگى جیهاد ناو دەبات، بۆیە هێرشەکانى بۆ سەر هێزە عێراقیەکان چڕکردۆتەوە."

بوونى جم و جۆڵى داعش لەکەرکوک و دیالە، لەکاتێکدایە بەرپرسانى پێشمەرگە باس لەبوونى ژمارەیەکى زۆر داعش لە سنورى قەزاى مەخموریش دەکەن، بەپێى وتەى ئەوان زەکاتیان بەسەر دانیشتوانى ناوچەکەدا سەپاندووە.

سەرچاوە: دەنگی ئەمریکا

هــ.ب


PM:06:38:16/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 1888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت