هۆڵه‌ندا كاره‌كانی‌ له‌ عیراق و هه‌رێم راگرت


وێستگه‌ نیوز –

به‌پاساوی‌ بوونی‌ هۆكاری‌ ئه‌منی‌، وڵاتی‌ هۆڵه‌ندا ئه‌ركی‌ نێرده‌كه‌ی‌ له‌ عیراق و هه‌رێمی‌ كوردستان راگرت.

ئاژانسی‌ رۆیته‌رز له‌ زاری‌ ئاژانسی‌ هه‌واڵه‌كانی‌ هۆڵه‌ندا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "حكومه‌ت كاری‌ نێرده‌كه‌ی‌ له‌ عیراق هه‌ڵپه‌سارد كه‌ هاوكاری‌ پێشكه‌شی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ناوخۆیی ده‌كرد بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منییه‌كان".

ئاژانسه‌كه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌م بڕیاره‌ ئه‌و سه‌ربازه‌ هۆڵه‌ندییانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ شاری‌ هه‌ولێری‌ پایته‌ختی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ باكووری‌ عیراق له‌پاڵ‌ هێزی‌ وڵاتانی‌ بیانی‌ تردا مه‌شق به‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان ده‌كات".

پێشتر ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15ی ئایاری 2019، حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا بڕیاریدا پرۆسه‌ی مه‌شق و راهێنان به‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان رابگرێت.

به‌گوێره‌ی ئاژانسه‌كه‌، هۆكاری راگرتنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گرژی و ئاڵۆزییه‌كان له‌ ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ره‌و زیادبوون ده‌ڕوات.

ئه‌ڵمانیا 160 راوێژكار و سه‌ربازی له‌ عیراق هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ركیان راهێنان و مه‌شقكردنه‌ به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عیراقییه‌كان، له‌و ژماره‌یه‌ش 100 سه‌ربازیان له‌ هه‌رێمی كوردستانن و راهێنان به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كه‌ن.

بڕیاره‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا بۆ راگرتنی مه‌شق و راهێنانه‌كان به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15ی ئایاری 2019، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا فه‌رمانی ده‌ركرد بۆ ئه‌و كارمه‌ندانه‌ ده‌ركرد كه‌ كاری پێویستیان له‌ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا و كۆنسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر نییه‌، نوێنه‌رایه‌تییه‌كانیان له‌ به‌غدا و هه‌ولێر جێبهێڵن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌مریكا.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، هۆكاری ده‌ركردنی ئه‌و فه‌رمانه‌ی بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌ كه‌ میلیشیاكان هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر هاوڵاتییانی ئه‌مریكا و رۆژئاوا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانییان.

هه‌ر له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی پێدانی ڤیزای له‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی خۆی له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان راگرتووه‌.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 12ی ئایاری 2019، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند" ئامۆژگاریی سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی ئه‌مریكا ده‌كه‌ین له‌ زیادبوونی ئاڵۆزییه‌كان له‌ عیراق، بۆیه‌ ده‌بێت له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاگاداربن".

باڵیۆزخانه‌كه‌ داواشی له‌ هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی كردووه‌ له‌م كاته‌دا سه‌ردانی عیراق نه‌كه‌ن، هاوكات داواشی له‌ هاوڵاتییانی خۆی له‌ عیراق كردوه‌ بۆ هه‌ر زانیارییه‌كی زیاتر سه‌ردانی ماڵپه‌ڕی باڵیۆزخانه‌كه‌ بكه‌ن له‌ به‌شی خزمه‌تگوزاریی تایبه‌ت به‌ هاوڵاتیانی ئه‌مریكا.

ناوبه‌ ناو باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا هۆشداری ده‌داته‌ هاوڵاتیانی خۆی له‌ عیراق كه‌ ئاگاداری خۆیان بن له‌ بوونی ئه‌گه‌ری هێرشكردن بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی وڵاته‌كه‌ی.

ئه‌و هۆشدارییه‌ نوێیه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا  له‌ به‌غدا له‌ كاتێكدایه‌، ئاڵۆزییه‌كانی نێوان واشنتن و تاران ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ له‌ په‌ره‌سه‌ندندایه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ لێپرسراوان و په‌رله‌مانتارانی عیراقیش به‌پێویستی ده‌زانن به‌غدا خۆی له‌ ئاڵۆزییه‌كانی نێوان ئێران و ئه‌مریكا به‌ دووربگرێت و خۆی نه‌كاته‌ لایه‌نێك له‌و ناكۆكیانه‌دا.


PM:04:55:15/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 5400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت