پۆمپیۆ: به‌مدواییه‌ موشه‌كی ئێرانی گه‌یشتوه‌ته‌ ده‌ست گروپه‌ چه‌كداره‌ عیراقییه‌كان


وێستگه‌ نیوزـ

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌میانی سه‌ردانه‌ خێرا و نهێنییه‌كه‌یدا بۆ عیراق به‌رپرسانی به‌غدای له‌وه‌ ئاگادار كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ گروپه‌ عیراقییه‌ چه‌كداره‌كان به‌نیازن هێرشبكه‌نه‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی واشنتن له‌ عیراق.

سایتی سۆمه‌ریه‌ نیوز له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی عیراق كه‌ به‌ ئاگاداری وه‌سفكردوه‌، بڵاویكرده‌وه‌: له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌ نهێنییه‌كه‌ی مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كه‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ 7ی ئایاری 2019 ئه‌نجامیدا، پۆمپیۆ مه‌ترسیی ده‌ربڕیوه‌ له‌وه‌ی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ خۆرئاوای عیراق و باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ باشوری عیراق بكه‌نه‌ ئامانج.

سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ پۆمپیۆ باسی له‌وه‌ش كردوه‌ به‌مدوایی موشه‌كی ئێران به‌ده‌ست گروپه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق گه‌یشتوه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ له‌میانی سه‌ردانه‌ خێراكه‌یدا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا چاوی به‌ د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق و عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كه‌وتوه‌ و به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان هۆشداریی ئه‌وه‌ی پێداون كه‌ له‌كاتی زیادبونی ئاڵۆزییه‌كانی نێوان تاران و واشنتن، رێگه‌ نه‌درێت هێرش بكرێته‌ سه‌ر هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی سه‌ربازی و مه‌ده‌نیی ئه‌مریكا له‌ عیراق.

له‌كاتی سه‌ردانه‌ رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی بۆعیراق، پۆمپیۆ وتی كه‌ ئامانج له‌و سه‌ردانه‌ خێرایه‌ به‌رنگاربونه‌وه‌ی هه‌ڵكشانی دۆخه‌كه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئێران و له‌میانی كۆبونه‌وه‌شی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی به‌غدا به‌ڵێنی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكایان له‌ عیراق له‌و به‌رپرسانه‌ وه‌رگرتوه‌.

پۆمپیۆ به‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ی كه‌ هاوه‌ڵیی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ عیراق ده‌كرد، رایگه‌یاند كه‌ باسیان له‌وه‌ كردوه‌ گرنگه‌ عیراق زامنی ئه‌وه‌ بكات پارێزگاریی گونجاو بۆ ئه‌مریكییه‌كان له‌ وڵاته‌كه‌یدا دابین بكه‌ن، وتیشی: "به‌رپرسانی عیراق ئه‌وه‌یان نیشانداوه‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ به‌رپرسیارێتیی خۆیانه‌ و خۆیان ئه‌وه‌ ده‌زانن".

به‌وته‌ی پۆمپیۆ، عیراق هاندراوه‌ به‌خێرایی كاربكات بۆ ئه‌وه‌ی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی ژێر هه‌ژمونی ئێران بخاته‌وه‌ ژێر ده‌ستی حكومه‌تی ناوه‌ندی و وتویه‌تی: ئه‌و گروپانه‌ وا ده‌كه‌ن عیراق كه‌متر سه‌قامگیر بێت.

هه‌ر له‌ دوای سه‌ردانه‌كه‌ش، عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رایگه‌یاند كه‌ به‌غدا پابه‌نده‌ به‌ پاراستنی نێرده‌ بیانییه‌كان و رێگه‌نادات هیچ هێرشێك بكرێته‌سه‌ر هه‌ر باره‌گایه‌كی سه‌ربازی یان باڵیۆزخانه‌ یان كۆمپانیایه‌كی بیانی، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ عیراق نابێته‌ به‌شێك له‌ هیچ سزایه‌ك كه‌ به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌دا بسه‌پێت.

نیگه‌رانی و مه‌رتسییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ هێرشكردنه‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌لایه‌ن گروپه‌كانی سه‌ربه‌ ئێران له‌كاتێكدایه‌ كه‌ واشنتن سزاكانی سه‌ر تارانی چڕتركردوه‌ته‌وه‌ و سوپای پاسدارانیشی خستوه‌ته‌ لیسی تیرۆر و كه‌شتیگه‌لی هێرشبه‌ری ئه‌براهام لینكۆڵن و هێزی موشه‌كهاوێژی ره‌وانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كردوه‌.


PM:07:36:09/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 3992 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو