بەوێنە.. ئاگاداری مەترسیدارترین درەختی جیهان بە



جیهان دارو درەخت و رووەکی زۆری تێدایە، وێڕای ئەوەی ئێمە بەردەوام ئەو رووەکانە بە دۆستی خۆمان دادەنێین و داوای جیهانێکی سەوز و باشتر دەکەین، بەڵام هەندێکیان ژەهراوی و کوشندەن، ئەو درەختەی باسی دەکەین تەنها هەر دڕکەکەی ئازاربەخش نییە یان بەرەکەی ژەهراوی نییە، بەڵکو تەنها بەنزیکبوونەوەت بەسە بۆ ئەوەی بتکوژێت.


هەر بۆیە کاتێک سەردانی ئەم ناوچەیە دەکەیت هێمای ئاگادارکردنەوە دانراوە تا زۆر بە ئاگابیت و نزیک نەبیتەوە.

وەک پێگەی "atlasobscura" درەختەکە پێیدەوترێت (درەختی منشینیل) و بەرزییەکەی دەگاتە نزیکەی 9 مەتر و لە ناوچەکانی ئەمریکای ناوەند و دەریای کاریبی هەیە و بە مەترسیدارترین درەخت و کوشندەترین لە جیهاندا دادەنرێت.


لە کۆندا ئەو کەسانەی مەترسییەکەیان دۆزیوەتەوە، بۆ بەگژداچوونەوەی دوژمنەکانیان بەکاریانهێناوە، دەشوترێت دانیشتوانی رەسەنی ناوچەی کاریبی ژەهری درەختەکەیان خستووەتە سەری رم و تیرەکان و گەڵا ژەهراوییەکانیشیان خستووەتە نێو بیری ئاوخواردنەوەی دژومنەکانیان، کار گەیشتووەتە ئەوەی کە قوربانییەکانیان بە نێوقەدی درەختەکەوە بەستووەتەوە.


هەر مامەڵەیەک لەگەڵ شلەمەنی ئەو درەختە، شوێنەواری خراپ لەسەر پێست بەجێدەهێڵێت، بە چەشنێک گەر لەکاتی باراندا لەژێر درەختەکەدا بووبیت، دەکرێت ئەو شلەمەنییەی لەگەڵ بارانەکەدا بەر جەستەت دەکەوێت، تێکڕای جەستەت دووچاری داڕزان دەکات، هەروەها شلەمەنییەکەی دەکرێت تەواوی بۆیاخی ئەو ئۆتۆمبێلە لێبکاتەوە کە لە ژێریدا راوەستاوە.

درەختەکە بەرێکی کوشندەی هەیە کە بە (سێوی مەرگ) ناودەبرێت و شێوەکەی فێڵاوییە، بەڵام لەدوای خواردنی دەبێتە مایەی ئاوسانی قورگ و پاشان داخستنی، کێشەیەکی زۆر لە کۆئەندامی هەرسدا دروستدەکات بەهۆی ئەو ژەهرەی لە هەموو بەشەکانی درەختەکەدا هەیە.   

نەک هەر تەنیا ئەوە، بەڵکو هەڵمژینی دووکەڵی سووتاوی لقەکانی درەختەکە، دەبێتە مایەی دروستکردنی کاریگەریی لاوەکی وەک رشانەوە و سکچوون و تەنگەنەفەسی، لە هەندێک کاتیشدا دەبێتە مایەی کوێربوون.

هەندێکجار درەختی "منشینیل" لە نزیک کەنارەکاندا گەشە دەکات،  گەشتیاران کە لەژێریدا رادەکشێن، بێئاگان لەو مەترسییە کوشندەیەی بەهۆی درەختەکەوە رووبەڕوویان دەبێتەوە، بۆیە گەر ویستت پشوویەک لەو کاریبیە بەسەر ببەیت، بەئاگابە و بەهیچ شێوەیەک لەو درەختە نزیک مەبەرەوە.


AM:10:03:09/05/2019












ئه‌م بابه‌ته 6312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت