وته‌بێژی پارتی واده‌ی رێككه‌وتنی كۆتایی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم ئاشكرا كرد

‌مەحمود محەمەد

وێستگه‌ نیوزـ

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، هەفتەی داهاتوو كۆبونەوە دەكرێت و رێككەوتنی كۆتایی بۆ پێكهێنانی حكومەت رادەگەیەنرێت.

ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌زاری مەحمود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی فەرمیی پارتی بڵاویكرده‌وه‌: هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوە دەكرێت و رێككەوتنی كۆتایی لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان رادەگەیەندرێت.

راشیگه‌یاندوه‌: ئەو كێشەی هاتە بەردەم كۆبوونەوەكان، ئێمە‌ ویستمان بە رازی بوون و بە پێكەوەبوون كار بكرێت، نەك لە ژێر گوشاردا بێت، بۆ ئەم مەبەستە كاتی زیاتر لە پێویستمان دایە گفتوگۆكان، بۆ ئەوەی لێكتێگەیشتن لە نێوان هەموو لایەنەكان دروست ببێت و ئەو لێكتێگەیشتنە لە هەفتەی داهاتوودا كۆتایی پێ دێت، بە شێوازێك هەرسێ لایەن رێك دەكەوین.

مه‌حمود محه‌مه‌د، وتیشی‌" پێشتر لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر پۆستەكانیان رێككەوتوین، لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیش رێككەوتوین، تاكە شوێن كە مابوو رێككەوتنی لەسەر بكرێت، بابەتی سەرۆكی هەرێم بوو، كە یەك جێگر یا دوو جێگری هەبێت".

ئاماژەی بەوەشكرد" لە پێكهێنانی حكومەت مەرج لە ئارادا نییە، تەنها داواكارییەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە كە هەیان بووە، پێشتر وتومانە مەرج لە كەس قبوڵ ناكەین و مەرجیشمان بۆ هیچ كەسێك نییە، بەڵام لێرەدا كە داواكارییەك دەبێت پێویستە لە بەینی هەموو ئەو لایەنانەی كە پێكهێنەری كابینەكەن و بەشدار دەبن، لێكتێگەیشتن دروست بێت، ئێمەش هەوڵی ئەو لێكتێگەیشتنە دەدەین و هیچ كێشەیەك لە نێوان ئێمە و بزوتنەوەی گۆڕاندا نییە.


PM:11:06:25/04/2019


ئه‌م بابه‌ته 3020 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت