کچانی لادێ لە قوتابخانەکاندا باجی (قۆناخی پێگەیشتن) دەدەن


وێستگە نیوز- راپۆرت - هەنار عەدنان

"ناز" کچێکی گوند نشینەو تەمەنی ١٢ سالانە ، خوێندکاری قۆناخی سەرەتاییە لە قوتابخانەیەک لە یەکێک لە گوندەکانی نزیک شاری سلێمانی, تا گەیشتۆتە ئەم تەمەنەی، هیچ زانیارییەکی دەربارەی گۆڕانی بایۆلۆژیی بەسەر لەشیدا نەبوە, کاتێکیش گۆڕانکاریەکە ڕودەدات، نازانێت چۆن لێی تێبگات و دۆش دادەمێنێت.

ڕۆژێک ناز لە قوتابخانەکەیدا، توشی ئازاری سک و سەرئێشە دەبێت، هاوڕێیەکی خێرا مامۆستاکەی ئاگادار ئەکاتەوە کە هاوڕێکەی توشی ئازارێکی زۆر بوەو پێشتر توشی حاڵەتی لەوجۆرە نەبوە, مامۆستاکەی لە سەرەتادا وائەزانێت تەنها سەرمای بوە، بەڵام کە بۆی دەردەکەوێت ئازارەکەی زۆرەو خەریکە ئەڕشێتەوە، یەکسەر بۆی دەردەکەوێت کە ناز کەوتۆتە سوڕی مانگانەوە، بەڵام هیچ زانیاریەکی نیە؛ ئیتر حاڵەتەکەی بۆ ڕوندەکاتەوەو پێی ئەڵێت کە ئەمە شتێکی ئاساییەو پێویست بەترس ناکات، لە ئەنجامی گۆڕانکاریی هۆرمۆنەکانی لەش لەم تەمەندا ڕودەدات و کچان ئەکەونە ناو سوری مانگانەوە. 

ئەو مامۆستایە، کە لەبەر هەستیاریی شوێنی کارەکەی لە لادێیەکەدا، نایەوێت ناوی خۆی و کچە قوتابییەکەی، پێداویستی تەندروستی بۆ ناز دەستەبەر ئەکات و ئاگاداری ئەکاتەوە چۆن پاکوخاوێنی خۆی بە باشی ڕابگرێت. تا ئێرە چیرۆکەکە ئاساییە
بە گەڕانەوە بۆ چیرۆکی مامۆستا ژنەکە، ئەوەمان بۆ ڕوندەبێتەوە کەهۆکاری ئەو گرفتانەی کە باسی کردون، دەیگەڕێنێتەوە بۆ نەبونی هۆشیاریی دەربارەی گۆڕانی بایۆلۆژی و قۆناخی پێگەیشتن، بەتایبەتی لای دایکان، ئیتر کچان بەتەنیا ڕوبەڕوی ئەم قۆناخە ئەبنە.

گرفتەکەش ئەوەیە کە دایکان نەخوێندەوارن یان تا پۆلی شەشەمی سەرەتاییان خوێندەوەو ئیتر لە فێرکردن بێبەشکراون, تا ئەمڕۆش، بەپێی گێڕانەوەی مامۆستاکە، کچانی لادێکە توشی هەمان چارەنوس دەبنەوەو لە دوای پۆلی شەشەمەوە شانسی خوێندنیان نامێنێت، چونکە خوێندگەی ناوەندی لە لادێکەدا نیە.

 
کچان، تەنها دو بژارادەیان لە بەردەستدایە، یان ڕۆیشتن بەپێ و بڕینی ڕێگەیەکی درێژ بۆ خوێندنی ناوەندی لە لادێیەکی تر، یان وازهێنان لە خوێندن. بژاردەی دوەمیش زاڵە بەسەر هەر شتێکی تردا، چونکە زۆربەی خەڵکی لادێ ڕازینابن کچەکانیان بچنە لادێیەکی تر بۆ خوێندن، ئەمە جگە لەوەی لە دوای قۆناغی پێگەیشتن، خەڵکی لادی بەشێوەیەکی گشتی کچەکانیان لە قوتابخانەکان دەهێنە دەرەوە.

مامۆستاکە باسی ئەوەش دەکات چۆن لە ماوەی کارکردنیدا، جگە لە ئەرکەکەی خۆی، باسی ئەو گۆڕانکاریانەشی بۆ کردون کە دوای قۆناخی پێگەیشتن ڕوئەدەن و نابێت ببنە جێی شەرم لای کچان. ئەو ڕەخنە لەوەش دەگرێت کە ئەمڕۆ لە قوتابخانەکاندا ئەم لایەنەی ژیانی کچان پشتگوێ خراوەو زۆربەی مامۆستاکانیش، نەک گرنگی پێنادەن، بەڵکو ئەرکەکانی خۆشیان وەک مامۆستا بەجێناگەیەنن.

مامۆستا ژیار کە مامۆستایە لەیەکێک لە قوتەبخانەکانی شاردا، باس لەوە دەکات کە پێویستە لە هەموو ناوەندەکانی خوێندادا ساڵانە بەڕێوبەر مامۆستاکان ئاگادار بکاتەوە کە ئەم بابەتە بۆ خوێندکارانی کچ لە قۆناخەکانی 5 و 6 ی سەرەتای ڕون بکرێتەوە کە بەتایبەت مامۆستایانی زانست لەگەڵ توێژەرانی دەرونی قوتابخانەکان بەم کارە هەڵبستن ، وە زارەتی تەندروستی لیژنەیەکی هەبێت کە ساڵانە سەردانی ناوەندەکانی خوێندن بکەن و زانیاری دەربارەی تەندروستی و پاک و خاوێنی خۆیان لەماوەی سوڕی مانگانەدا بە خوێندکارەکان بگەیەنن.

بەلای توێژەرێکی کۆمەڵایەتییەوە، قۆناخی هەرزەکاری وپێگەیشتن لای کچ وکوڕان، تەمەنێکی هەستیارەو کۆمەڵێک گۆڕانکاریی فیزیکی ڕودەدەن، کە بە شێوەیەکی گشتی نامۆن و کەسەکان توشی شڵەژانی دەرونیی دەکەن، ناتوانن کۆنتڕۆڵی خۆیان بکەن وهەڵچونیان زیاد دەکات، چونکە پێشتر گۆڕانکاری لەو شێوەیە لە جەستەیاندا ڕوینەداوە و ناتوانن بەئاسانی بڕوابکەن.

ڕۆژان حسێن، توێژەری کۆمەڵایەتی، باس لە کاریگەریی دەوروبەریش دەکات لەسەر ئەو کەسانەی بەقۆناخی پێگەیشتندا تێپەڕدەبن و چۆن چاویان لەسەرەو بەردەوام پرسیاریان لێدەکرێ و لەم بارەیەوە ئەڵێت: "بەهۆی ئەو گۆڕانکاریە جەستەیانەی ڕودەدەن، بەشێوازێکی جیاوازتر لە پێشو، تەماشای کەسەکان دەکرێ، چاوی زۆر لەسەر گۆڕانکاریە جەستەیی و هەڵچونەکانیانە".

هەر لەم بارەیەوە ئەم توێژەرە کۆمەڵایەتیە بەردەوام دەبێت، "خۆدزینەوەی بەردەوام  لە چاوی کۆمەڵگەو پرسیار لەسەر گۆڕانکاریە جەستەیی و دەرونییەکان کە هیچ زانیاریەکی پێشوەختەیان لە بارەوە نیە،  توشی بارێکی دەرونی ناهەمواریان دەکات و ناتوانن بەئاسانی بەسەریاندا زاڵ بن".

ڕۆژان باسی ئەوەش دەکات کە خێزانەکان بەگشتی هۆشیارییەکی دروستیان نییە لەسەر تەمەنی پێگەیشتن و ئەمەش بەڕای ئەو، "دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەلتورە داخراوەی کە شەرمنانە دەڕوانێتە گەشەی ئەندامە هەستیارەکانی جەستە، بەتایبەت ئەندامی مێینە، هەر ئەمەش وادەکات کچان وکوڕان بەترس و شەرمەوە بڕواننە گۆڕانکاریەکان. 

یەکێک لە گرفتەکان ئەوەیە کە ئەم بابەتە لەگەڵ ئەوەی گرنگ و هەستیارە، لە سیستمی خوێندن وپەروەردەدا ناخوێندرێت و خوێندکاران زانیارییان لە بارەییەوە نیە. زۆرجاریش زانیاریەکان بە ترس و شەرم وئابڕوبەرانە لەلایەن گەورەکانەوە باسدەکرێن و دەخرێنە چوارچێوەی شەرەف وناموس. بەلای ئەم توێژەرەوە، کەسە نزیکەکانی وەک دایک وباوک و مامۆستاکان بەرپرسن لە تێگەیاندنی گەنجان لە بابەتەکە بەشێوەیەکی تەندروست.

مەمۆستا ژیار باسی لەوەشکرد کە ڕاگەیاندن هۆکارێکی گرنگی گەیاندنی ئەو بابەتەیە کە پێویستە لە بەرنامەو بابەتە تەندروستیەکاندا باسبکرێت و کچان و کوڕان هۆشیار بکرێنەوە. هەروەها قوتابخانەکان، تەنانەت لە ڕوی ئاینیشەوە دەکرێ باسبکرێت و لە بێدەنگیدا نەمێنێتەوە. هەروەها ڕۆژان ، پێی وایە ئەرکی پسپۆڕانی دەرونی وکۆمەڵایەتیە بە گرنگییەوە باسی ئەم قۆناغە بکەن و یارمەتی هەرزەکاران بدەن لە تێپەڕاندنی قۆناخی پێگەیشتن و ڕزگاربون لە شەرم ودڵەڕاوکێ، ئەمەش لە ڕێگەی ئەنجامدانی توێژینەوەو بڵاوکردنەوەی زانیاری دروست.

نوسەر دوای بەشداریکردنی لە خولێکی " رێخراوی "Internews” لەسەر شێوازی نوسینی راپۆرتی هەستیاری جێندەری" ئەم چیرۆکەی لەسەر پرسی قۆناغی پێگەیشتن کچان نوسیوە.


AM:11:59:03/04/2019


ئه‌م بابه‌ته 11472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو