سەڵاحەدین دەمیرتاش باسی ژیانی ناو زیندان دەكات

‌ سەڵاحەدین دەمیرتاش: لەگەڵ سیاسەت دەخەوین ولەگەڵ سیاسەت هەڵدەستین


وێستگه‌ نیوز-

 سەڵاحەدین دەمیرتاش دەڵێت من لە 4ی نۆڤەمبەری 2016 وە تاكو ئەمڕۆ لەگرتوخانەی ئیزمیر دەستگیر كراوم، لەم بەندیخانە ساردەوە دەمەوێت سڵاوێكی گەرم ئاڕاستەی هەمو تاكێكی كورد بكەم لەهەر شوێنێك بن و سوپاسی هەڵوێستی مەردانەتانم.

وەك دەزانم كە میلەتەكەمان زۆر حەزیان بەڕوبەڕوبونەوەی دادپەروەرانەیە هەرگیز لەپێشێلكردنی مافەكانی بێدەنگ نابێت ، من شانازیتان پێوە دەكەم ولێرەوە پێتان دەڵێم هەموتان ناختان ئاسودە بێت هێز بدەن بەخۆتان وبەرگە بگرن وبەدڵنیایەوە پێتان دەڵێم ئەم سەدەیە سەدەی بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی كوردەو هیچ هێزێك ناتوانێت بێتە بەربەست وبێتە سەرڕێمان ئەوەشی بیەوێت بمانوەستێنێت ئەوا لەگەڵ خۆمان ڕایدەماڵین.

دەمیرتاش دەڵێت بەهۆی ئەوەی كەدەسەڵاتدارانی توركیا ڕێگەیان بەڕۆژنامەنوسان نەدا كەچاوپێكەوتنم لەگەڵ ئەنجام بدەن سەبارەت بەڕەوشی زیندان و بارودۆخی ئێستا و هەڵبژاردنەكان و ڕێكەوتنەكانی هەدەپە و گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە ، بۆیە ڕۆژنامەنوسان چەند پرسیارێكیان بەشێوەی نوسراو ناردە بەردەمم منیش بەشێوەی نوسراو وەڵامم دانەوە.

پرسیار : بەڕێز دەمیرتاش سەرەتا دەمانەوێت هەواڵی تەندروستیت بپرسین ئایا تەندروستیت باشە هیچ كێشەیەكتان هەیە ، ئایا لەزیندان ڕۆژەكانت چۆن بەسەر دەبەیت و چۆن پڕۆگرامەكانت دادەڕێژیت؟

وەڵام: تەندروستیم زۆر باشەو ورەم زۆر بەرزە هەرچەندە یاساكانی ئەم زیندانە زۆر قورسە بۆیە دەمەوێت هەرچۆنێك بێت خۆم بگونجێنم و ئاگام لەتەندروستی خۆم بێت،
لەبەر ئەوەی ئەم زیندانە لەژێر چاودێریەكی ئاساییشی قورسدایە بێگومان یاساكانیشی ئاسان نابێت ودەسەڵاتەكانی ئێمەش لێرە دیاریكراوە.

لێرە من و ئەندام پەرلەمانی هاوڕێم (عەبدوڵا زەیدان ) كاتەكانمان زۆبەی بەخوێندنەوە بەسەر دەبەین و ئیرادەمان زۆر بەرزە و ئەوەی ئێمەی لەسەر پێ ڕاگرتوە خۆڕاگری میلەتەكەمانە بەرانبەر ئەو هەمو ستەمەی كە دوچاری دەبنەوە.
ئەو پێشهاتانەی كە لەدەرەوەی زیندان ڕوو دەدەن ئێمە لەڕێگەی ڕۆژنامە و تەلەفیزیۆن یاخود ئەو كەسانەی كەسەردانمان دەكەن وەك خێزانەكانمان و پارێزەرەكانمان ئاگاداردەبین لێیان.

بەكورتی لێرە لەگە ڵسیاسەت دەخەوین ولەگەڵ سیاسەت هەڵدەستین و ئەو ئیرادەیەی لەناخماندایە بەرانبەر میلەتەكەمان دەسەڵاتتدارانی توركیا نەیانتوانیوە بۆ خولەكێكیش لێمان زەوت بكەن.

هەر هەڵسوكەوتێكمان لێرە بەبەرنامە و پلانە ، دەخوێنینەوە هەڵسەنگاندن و گفتوگۆ دەكەین بۆ ڕوداوەكان و دەنوسین و وەرزش دەكەین و زۆر كاری بچوكی ڕۆژانەش ئەنجام دەدەین.

لەهەفتەیەكدا یەك ڕۆژ بۆمان هەیە خێزانەكانمان ببینین ئەو ڕۆژەش یەك كاتژمێر بۆمان هەیە لەگەڵیان بین كە ئەوەش هێزو وزەیەكی زۆرمان پێدەبەخشێت چونكە لەو ماوەیەی پێكەوەین هەم بۆ ئێمەو هەم بۆ ئەوان ساتێكی بەنرخە. پرسیار: لەناو زیندان ڕوبەڕوی دەمیرتاشێكی جیاواز بوینە تەوە سیاسەت مەدارو وێنەكێش و ئاوازدانەر و ئەدەبیات دانەر تۆ لەوبارەیەوە چیدەڵێیت؟

وەڵام : دەبێت ناهەقی بەرانبەر ئەدەبیاتی كوردی نەكەین ئەدەبیاتی كوردی ئەوەندە دەوڵەمەندە دەتوانێت ببێتە كۆلێژێك لەئەدەبیات، بیگومان ئەمە لەزیندانەكاندا ڕەنگیداوەتەوە ئەم ئەدەبیاتە كەئێستا ئێمە خاوەنین بەشێكی زۆری لەزیندانەكانەوە سەرچاوەی گرتوە ، ئەو ئەدەبیاتەی كەلەزیندانەكان بەرهەم دەهێنرێت دەبێت بەرز بنرخێنرێت.

گەر بێیتە سەر باسی خۆم من لەدەرەوەی زیندان نوسراو بڵاوكراوەم زۆر كەم بو چونكە كاتێكی كەمم هەبو بۆ نوسین و خوێندنەوەو پۆستە سیاسیەكەشم ڕێگەی پێنەدەدام كە بەدڵی خۆم بنوسم ، بەڵام كاتێك كەسیاسەت بارمتەبێت توانای نوسین چالاكتر دەبێت. پرسیار: دادگای یەكێتی ئەوروپا ئەو بڕیارەی سەبارەت بەئێوە دەریكردبو زۆرێك لەدادوەران دەڵێن بڕیارەكە لەجێی خۆیدا نەبوە و دەبوایە بڕیارێكی باشتر بدرایە سەبارەت بەئازادكردنت ئێوە لەو بارەیەوە چیدەڵێن .

وەڵام: دادگای یەكێتی ئەوروپا دیارە چ بڕیارێكیداوە لەڕاستیدا هۆكاری سیاسی زۆری لەپشتەوەیە كۆنسییەی یەكێتی ئەوروپا نایانەوێت لەگەڵ توركیا ڕوبەڕو ببنەوە تەنها هۆكار بەلای منەوە ئەوەیە.

هەر سەبارەت بەبڕیارەكە هەواڵەكەم لەلایەن پارێزەرەكانمەوە پێگەشت وئەوانیش ناڕەزای زۆریان دەربڕی سەبارەت بەبڕیارەكە ، هەرچۆنێك بێت ئەوە ئێمە بوین داواكەمان گەیاندە بەرزترین ئاستی جیهان و باچاوەڕیبكەین بزانین ڕۆژانی داهاتو چی دەبێت ، دەمەوێت ئەوەش بڵێم هەر لەگەڵ من 11 ئەندام پەرلەمانی هاوڕێم داواكەیان گەیاندۆتە یەكێتی ئەوروپا بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێكیان نەدراوەتەوە . پرسیار: لە 12 - 3- 2018 كە چاوپێكەوتنی دادگات هەبو لەبەردەم دادوەر وتت گەر سەرم بۆ ئەردۆگان دانەواندایە ئەوا ئێستا لەكۆشك وەزیر دەبوم ، ئێوەو پارتەكەتان لەلایەن ئاكپارتیەوە هیچ پێشنیارێكتان بۆ كراوە دەتوانن ئەمە ڕونبكەنەوە .

وەڵام: لەلایەن ئاكپارتیەوە تائێستا هیچ پێشنیارێك بۆمن نەهاتوە چونكە دەرگایەكی ئاوام بەكراوەیی نەهێشتۆتەوە تاكو بتوانن پێشنیاری ئاوا بكەن .

ئەوە دوپارتی ناوخۆی توركیا بون كاتێك هاوسەرۆكەكانیان دەستیان لەكاركێشایەوە و چونە ڕیزەكانی ئاكپارتی و ئێستا هەردوكیان وەزیرن لەحكومەتەكەی ئەردۆگان .

ئەوەی من دەمویست باسی بكەم ئەمانە بون بەپێشنیارەكانی ئەردۆگان ڕازیبون و لەپێناو پلەو پایە ملیان بۆ ئەردۆگان دانەواند .

بێگومان من هەرگیز نەچومەتە ناو شتێكی لەو بابەتەوە تەنانەت بەخەیاڵیشمدا نەهاتوە ، ئێمە بەهەڵە دەڵێین هەڵەو بەڕاستیش دەڵێین ڕاست و سەربەرزین . 

پرسیار: بۆچی ئاگربەستەكەتان لەگەڵ توركیا لەناكاو پێچەوانە بۆەوە و شكستی ئاگربەستەكە دەخەنە ئەستۆی كێ؟

وەڵام: لەسەرەتاوە ئاگربەستەكە زۆر بەشەفافانە بەڕێوە دەچو خەڵكیش بەدەسپێشخەریەكی باشیان دادەنا بەڵام لەدوایدا ئاگر بەستەكە هیچ جێگەی بڕوای ئێمە نەبو هۆكارێك نەبو بۆ دڵنییای ئێمە ، هیچ بەرەو پیشچونێكمان بەدینەكرد لەهەمو لایەكەوە كێشەی تێكەوت .

دواتر هەموكەسێك بەچاوی خۆی بینی كەكێ بوە هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەست و بەرقەرار نەبونی ئاشتی بێگومان هۆكاری سەرەكی ئاكپارتی و ئەردۆگان بون.

وەمن جارێكیتر دەیڵێمەوەبۆئەوەی ئاشتی بەرقەراربێت لەكوردستان ئەوەی لەدەستمبێت دەیكەم هەرگیز پاشەكشەم لەئاشتی نەكردوە و باوەڕی تەواوم پێیەتی و دڵنیام ڕۆژێك دێت ئەم ئاشتییە دەبەینەوە ، بەڕێز ئۆجەلانیش هەر لەسەرەتاوە ئاشتی ویستوە و ئەمەش ویست وخواستی ئەو بووە.

پرسیار: كاتێك لەزیندانیت هیچ كاتێك ڕەخنەت لەخۆت گرتوە كەمن ئەم شتەم ڕاست بوەو ئەمەشم هەڵەبوە ئەگەر ڕەخنەت لەخۆت گرتوە لەسەر چی بوە.

وەڵام: بێگومان دەبێت ،لەزیندانەوە بۆ ئەوەی داواكاریە ڕەواكانت بخەیتەسەر مێز دەبێت هەلت بۆ بێتە پێشەوە، بێگومان بۆ هەمو ئەمانەش بیردەكەیتەوەكەدەبێت چ تەوەرەیەك هەڵبسەنگێنیت و لەسەرچی دانوستان بكەین بێگومان بەدرێژای ڕۆژ پرسیار لەخۆم دەكەم لەسەر ئەمانە.

بێگومان گەر ئەمە نەبێت پێشكەوتنیش لەدۆسیەكان نابێت ، تائەمڕۆ ئەوەی لەسیاسەت بەدەستم هێناوە بەس نین دەبێت زیاتر بەدەست بێنین و پەشیمانیش نیم لەهەوڵدان بۆ سەركەتن.

من بەشێكم لەهەوڵی ئەو میلەتەی كەبۆ سەربەخۆیی و ئازادی دەیدات وەمن كوڕێكی ئەم میلەتەم كەبۆ پارێزگاری پێناس و زمانی ئەم میلەتە هەوڵدەدەم وەدڵخۆشم بەهەوڵەكانم.  

    پرسیار: ئەوپارتە كوردیانەی كە لەگۆڕەپانی توركیادان ئێستا پێتوایە دەبێت لەگەڵ پارتە توركیەكان ڕێكەوتن ئەنجامبدەن تۆ چۆن سەیری ئەمانە دەكەیت و ئایا بەپێویستیان دەزانیت ؟

وەڵام: بەداخەوە زۆربەی كات ڕێكەوتنەكان لەسەر چەندایەتی لایەنەكان بنیات دەنرێت هەرگیز ناتوانرێت تاسەر پارێزگاری لێبكرێت بەتەواوەتی ناتوانیت ستراتیژی ڕێكەوتنەكە بەدەست بهێنیت ئەوە كێشەی هەمو پارتە سیاسیەكانە .

لەڕێكەوتنەكاندا هەر كەسێك بەڕەنگی خۆی و بەدەنگی خۆی دەبێت تا كۆتای ڕیگەكە بەردەوام بێت و پێكەوە هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ بەرەو پێشبردنی ڕێكەوتنەكە.

گەر لەمن دەپرسیت ئێستا كورد پێویستی بەڕێكەوتنێكی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی بمینێتەوە بەبەهێزی. پرسیار: لەدادگا بۆ پارێزگاریكردن لەخۆت بەزمانی كوردی قسە دەكەیت بۆ ئەمەش كوردەكان زۆر شانازیت پێوە دەكەن ئایا هەستت چۆنە بۆ ئەوە ؟

وەڵام:  تا ئێستا بەهەزاران لاپەڕەم بۆ بەرگری كردن لەزمان و میلەتی خۆم نوسیوە بەڵام لەهەمویان گرنگتر و بەنرختر ئەوەیە كە بەزمانی دایک قسە بكەیت .

من لەبەر ئەوەی كوردم ڕۆژانە ئاستەنگم بۆ دروستدەبێت سەبارەت بەقسەكردنم لێرە من بۆ دەوڵەتی توركیام ڕاگەیاندوە كەمن كوردم وئەوەشم لەهۆڵی دادگا سەلماند.

وەمن زمانی كوردیم زۆر باش نیە بەڵام ئێستا گرنگی زۆری پێدەدەم و بۆ ئەوەی بەكوردی قسە بكەم ڕۆژانە لەگەڵ برای ئازیزم عەبدوڵا زەیدان بەزمانی كوردی زۆر قسەدەكەین بەڕۆمان و بەكتێب و چیرۆك و ئاوازو ڕێزمان و كتێبە جیاوازەكان دەمەوێت كوردیەكەم بەهێز بكەم. پرسیار: كاتێك دەڵێن لەتوركیا دیموكراتی بەهێزە ، ئەوەتا تۆش لەزیندانی لەلایەن كوردەكانەوە تا ئێستا هیچ كارێك نەكراو بۆ ئازادكردنت، لەكاتێكدا ڕۆژانە مانگرتن و خۆپیشاندان بۆ ئازادكردنی عەبدوڵا ئۆجەلان دەكرێت سەبارەت بەمانە چی دەڵێیت ؟

وەڵام: ئێمە بوێری ئەوەمان نیە بەرانبەر میلەتی خۆمان كەمتەرخەم بین ئێمە خۆمان قوربانی میلەتەكەمان دەكەین لەبەرانبەردا چاوەڕێی هیچ ناكەین تەنها ئەوەمان دەوێت بەهێزبن و خۆڕاگربن و نەگەڕێنەوە لەو بارەیەوە ناخمان ئاسودەیە دەزانین میلەتەكەمان لەپشتی ئێمە وەستاوە وەكو شێرن .

هەزاران ساڵە میلەتەكەمان بەهەزاران ڕۆڵەی خۆی لەپێناو ئەم كوردستانە بەخت كردوە گەر ئەم میللەتە گەورەیە ئێمەیان قبوڵ بێت ئەوەندە بەسە بوئێمە، ئێمە میللەتی خۆمان نافرۆشین لەپێناو ئازادی میللەتەكەمان ئەوەی لەدەستمانبێت دەیكەین. 

پرسیار: لەچەند ڕۆژی راِبردودا لەفەڕەنسا پاڵێورابویت بۆ وەرگرتنی بەنرخترین خەڵاتی نۆبڵی ئازادی ، هەستت چۆن بوو؟

وەڵام: زۆر بەباوەڕو گەرم و گوڕیەوە دەیڵێم ئەو جێگایەی كەمیلەتەكەم بۆی داناوم لەدڵی هەمو كوردێكدا ئەوە گەورەترین خەڵاتە بۆ من لەلایەن میلەتەكەمەوە خەڵاتی خۆم وەرگرتوە ئیتر پێویستیم بەخەڵات نیە.
جارێكیتر سوپاسی ئەو بەڕێزانە دەكەم كە ئەو شەرەفەیان بەمن بەخشیوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتێكی لەو جۆرە مانایەكی گەورە دەبەخشێت و بەرزی ڕادەگرم .

هەر خەڵاتێكی كە دەیدەنە من بیدەنە ئەو پارچانەی كوردستان كە قوربانیەكی زۆریان داوەبیدەنە ئەو شەهیدانەی كەگیانی خۆیان فیداكردوە ئەوە خەڵاتە شایەنی من نیە شایەنی میلەتەكەمە. 

ئامادەكردنی: روكان هاتون
و.لەتوركیەوە: رۆژنامه‌ی‌ چاودێر


PM:03:06:14/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 4328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو