کۆبونەوەی پارتی و کۆمەڵ کۆتایی هات

‌رێبوار حەمەد و مەحمود محەمەد

وێستگه‌ نیوزـ

وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مه‌ دووه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی ئیسلامی و په‌یوه‌ندییه‌كی مێژوییان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ هه‌یه‌، وتەبێژی کۆمەڵیش رایگەیاند کە پرسی بەشداریکردنیان لە حکومەت بە کراوەیی هێشتوەتەوە.

دوای كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان، هه‌ریه‌ك له‌ وته‌بێژی پارتی و كۆمه‌ڵ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شیان ئه‌نجامدا و مه‌حمود محه‌مه‌د، وته‌بێژی پارتی رایگه‌یانی: په‌یوه‌ندییه‌كی مێژوییمان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان هه‌یه‌.

وتیشی: ئاماده‌كردنی ره‌شنوسی رێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتی و پارتی له‌قۆناغی كۆتاییدایه‌.

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، مه‌حمود محه‌مه‌د وتی: به‌ره‌وپێشچونی به‌هێز له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتی و گۆران به‌دیهاتووه‌، دانی به‌وه‌شدا نا كه‌ پێكهێنانی حكومه‌ت دواكه‌وتووه‌، به‌ڵام نابێت حزبێك له‌ حكومه‌ت بێت و له‌ هه‌مانكاتیشدا له‌ ئۆپۆزسیۆن بێت.

هاوكات رێبوار حه‌مه‌د، وته‌بێژی كۆمه‌ڵ وتی: گۆبونه‌وه‌یه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ پارتی ئه‌نجامدا، نیه‌ت و ئیراده‌ هه‌یه‌ بۆ باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ پارتی".

سه‌باره‌ت به‌ كۆبونه‌وه‌ی داهاتوی په‌رله‌مانی كوردستانیش، وته‌بێژی كۆمه‌ڵ وتی: به‌شداری له‌ كۆبونه‌وه‌ی 18ی شوباتی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ین و ده‌ربرینی هه‌ڵوێست ده‌كه‌وێته‌ ئه‌وكاته‌وه‌ "، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ پرسی به‌شداریكردنیان له‌ حكومه‌ت به‌ كراوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 12ی شوباتی 2019، كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و ئه‌نجومه‌نی‌ سیاسیی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان له‌ هاوینەهەواری پیرمام لە شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو و هه‌ردوولا له‌سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌رێك گفتوگۆیان كرد.

به‌پێی زانیارییه‌كان له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌یاندا وه‌فدی پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان گفتوگۆیان له‌سه‌ر بارودۆخی سیاسی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند و گرنگی یه‌كڕیزی ناوخۆیی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی‌ مافه‌كانی‌ كورد كردوه‌، هاوكات تاوتوێی هه‌وڵدانی‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌یان كرد بۆ باشتركردنی‌ گوزه‌رانی‌ خه‌ڵك ‌و وه‌لانانی‌ ناكۆكی سیاسی له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی‌ دا.

وه‌فده‌كه‌ی‌ پارتی پێكهاتبوو له‌ فازڵ‌ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی وهوشیار زێباری، مەحمود محەمەد، زەعیم عەلی، جەعفەر ئیمنکی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و رەمزی شەعبان، عەلی حسێن، نازەنین وسو ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی و وه‌فده‌كه‌ی‌ كۆمه‌ڵ‌ پێكهاتبوو‌ له‌ محەمەد حەکیم کارگێڕی ئەنجومەنی سیاسی و ئەنوەر سەنگاوی‌، رێبوارحەمەد، ئاڤان ئەحمەد ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی و حەسەن بابەکر ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی.

كۆبونه‌كه‌ی‌ ئه‌مرۆی نێوان كۆمه‌ڵ و پارتی‌، دوای سه‌ردانی‌ هه‌فته‌ی‌ رابردووی وه‌فدی باڵای پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان دێت بۆ لای كۆمه‌ڵی ئیسلامی و قسه‌كردن له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوانیان.


PM:02:19:12/02/2019


ئه‌م بابه‌ته 3112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت