یەکەم کاردانەوەی حکومەتی هەرێم لەسەر هەواڵێکی د.بەرهەم ساڵح


وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ باڵا له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌واڵی كردنه‌وه‌ی‌ نوسینگه‌ی پاسپۆرتی‌ رانیه له‌سه‌ر فه‌رمانی به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق، دووره‌ له‌ راستییه‌وه، داواش له‌ نوسینگه‌ی سه‌رۆك كۆماری عیراق ده‌كات له‌ داڕشتنی هه‌واڵ وردبن و له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ زانیارییه‌كاندا راستگۆ بن.

سه‌رچاوه‌كی باڵا له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ وێستگه‌ نیوز-ی راگه‌یاند: ده‌نگۆی كردنه‌وه‌ی نوسینگه‌ی پاسپۆرتی رانیه‌ له‌سه‌ر هه‌وڵ و فه‌رمانی د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق، دووره‌ له‌ راستییه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌ی به‌بیرهێنایه‌وه‌ كه‌ له‌ مانگی شوباتی 2018 عه‌مید سالار عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری پاسپۆرتی سلێمانی، به‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ پارێزگاری‌ سلێمانی‌ له‌لایه‌ن نوسینگه‌ی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان راسپێردرا بۆئه‌وه‌ی به‌راوێژ له‌گه‌ڵ‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێم، كاری‌ جددی‌ له‌گه‌ڵ‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی‌ عیراق بكرێت بۆ كردنه‌وه‌ی‌ نوسینگه‌ی پاسپۆرتی رانیه‌.

وتیشی: سه‌ره‌نجام به‌ فه‌رمانی‌ ژماره‌ (د م / 24835) له‌ 29ی‌ نیسانی‌ 2018 وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ عیراق فه‌رمانی‌ بۆ كردنه‌وه‌ی‌ نوسینگه‌ی پاسپۆرتی‌ رانیه‌ ده‌ركرد، ئه‌مه‌ش ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ پێنج مانگ پێش بوونی‌ به‌رهه‌م ساڵح، به‌ سه‌رۆك كۆمار، كاره‌ یاساییه‌كانی‌ كردنه‌وه‌ی نوسینگه‌ی پاسپۆرتی رانیه‌ ته‌واو بووه‌.

له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا بۆ وێستگه‌ نیوزـ سه‌رچاوه‌كه‌ باسی له‌ نوسراوێكی دیكه‌ كردكه‌ به‌‌ ژماره‌ 62276 له‌ به‌رواری 16ی‌ ته‌مموزی‌ 2018، به‌ واژۆی بریكاری‌ وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ عیراق ده‌ركراوه‌ و تیایدا په‌یكه‌ربه‌ندی‌ بۆ نوسینگه‌ی پاسپۆرتی‌ رانیه‌ دانراوه‌.

سه‌رچاوه‌ باڵاكه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان داواشی له‌ تیمی‌ راگه‌یاندنی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق كرد "وردبن له‌ داڕشتنی‌ هه‌واڵ‌ و راستگۆ بن له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ‌ زانیارییه‌كاندا."

ئاشكراشیكرد: سه‌رجه‌م ئه‌م كارانه‌ش به‌ چاودێریی نوسینگه‌ی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چووه‌ و بودجه‌ و پێداویستییه‌كانی ئه‌و به‌شه‌ش له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پاسپۆرتی رانییه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌نجام ده‌درێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ مژده‌ی به‌ خه‌ڵكی رانیه‌ دا و وتی: "لێره‌وه‌ مژده‌ ده‌ده‌ین به‌ خه‌ڵكی‌ ده‌روازه‌ی راپه‌ڕینی‌ به شه‌ره‌ف له‌ دوو رۆژی‌ داهاتوودا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پاسپۆرتی‌ رانیه‌ ده‌كرێته‌وه‌ هه‌ر ئه‌مشه‌ویش تیمی‌ ته‌كنیكی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ عیراق بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌گاته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11ی شوباتی 2019، ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌: لەسەر فەرمانی بەرهەم ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق نوسینگەی پاسپۆرتی رانیە دەكرێتەوەو ئاماژه‌ی به‌وه‌دابوو كه‌ هاوڵاتیانی سنووری ئیدارەی راپەڕین لەو نوسینگەیە، بەبێ ئەوەی پێویست بەگەڕانەوە بۆ سلێمانی بكات، دەتوانن پاسپۆرت وەربگرن.

‎ماڵپه‌ڕه‌كه‌ له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عیراق ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌: "بەرهەم ساڵح فەرمانی كردوه‌ كە وەزارەتی ناوخۆو بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامەو پاسپۆرت و نشینگەی عیراق بەزوترین كات رێوشوێنی كردنەوەی نوسینگەی پاسپۆرتی رانیە تەواو بكەن و بڕیاریشە رۆژی چوارشەممە ‌ رۆژی 13ی شوباتی 2019 بەئامادەبوونی هەیسەم فازیل،  بەڕێوەبەری گشتی رەگەزنامەو پاسپۆرت و نشینگەی عیراق نوسینگەكە بكرێتەوە."


PM:08:26:11/02/2019






ئه‌م بابه‌ته 8408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت