کۆسرەت رەسوڵ: داوای یاسایی تۆمار دەکەین


وێستگە نیوز-

 

نوسینگەی کۆسرەت رەسوڵ ڕایگەیاند ڕووداوی تەقەکردن لە پزیشکەکەی سلێمانی هیچ پەیوەندی بە ناوبراوەوە نییە و ئاماژەی بەوەکرد بەبێ هۆ پزیشکەکە ناوی ئەوانی بردووە و تەشهیریکردووە و جەختیش دەکاتەوە سکاڵا لەسەر لایەنی بەرامبەر تۆماردەکەن.

 

نوسینگەی رۆژنامەوانیی کۆسرەت رەسوڵ جێگری سکرتێری یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئەوەی خستوەتەڕوو "چەند ڕۆژێكە ڕووداوی دەمەقاڵێیەكی بەڕێز دكتۆر بەختیار ئەمین و چەند هەڤاڵێكی پێشمەرگەی یەكێتی لەسەر جادە بۆتە قسەوباسی گەرمی هەندێك كەناڵی ڕاگەیاندنی چەند لایەنێكی سیاسی".

 

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە "ئەوەی جێگای سەرنجە كە بەڕێز دكتۆر بەختیار بەبێ هۆ دەستی داوەتە هەڵمەتێكی تەشهیرو بوختانكردن لەسەر بەڕێز كۆسرەت ڕەسول و كوڕەكانی، لە كاتێكدا كە بەڕێزیان دوورو نزیك هیچ پەیوەنددیان نە بە بابەتەكەو نە بەلایەنی شەڕەكەوە نییە، تەنها ئەوە نەبێت كە بەڕێزیان وەك جێگری سكرتێری گشتی (ی.ن.ك) بەرپرسی هێزی پێشمەرگەی (ی. ن. ك)ە".

 

نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی کۆسرەت رەسوڵ ئاماژەی بەوەکردووە "ناكرێت لە هەر جێیەكی ئەم كوردستانە بەرینە پێشمەرگەیەك لە دەرەوەی ئەركی فەرمی خۆی تووشی دەمەقاڵی و كێشەی لابەلا ببێت، بەڕێز جێگری سكرتێری گشتی لێی بەرپرسیار بێت".

 

لە ڕوونکردنەوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو "هەموو ڕێكارێكی یاسایی دەگرینە بەر بۆ خستنەڕووی ڕاستییەكان بۆ ڕای گشتی و كۆتایی هێنان بەو هەڵمەتە چەواشەكارییانە و داوای یاسایی لەسەر لایەنی بەرامبەر تۆمار دەكات و بۆ لێپێچینەوەو گرتنەبەری ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ لایەنی بەرامبەر".

 

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە شەقامی سالمی سلێمانی تەقە لە پزیشکێک کرا و دواتر پۆلیس گەیشتە شوێنەکە و چەکدارە تەقەکەرەکان تەقەیان لە پۆلیسیش کرد و هەڵهاتن.

 

ئەو پزیشکەی تەقەی لێکرا و ڕێگەی لێگیرا ئاماژەی بەوەکرد هۆکاری تەقەکردنەکە دەگەڕیتەوە بۆ "ئاشکراکردنی گەندەڵی لە پرسی هێنانی دەرماندا".


 


PM:02:55:21/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 11432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت