بۆچی باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا له‌كاتی وه‌ستان بۆ رێزلێنان له‌ شه‌هیدانی عیراق شوێنه‌كه‌ی جێهێشت؟


وێستگه‌ نیوزـ

باڵیۆزی ئێران له‌ عیراق به‌شداریی له‌ مه‌راسیمێكی تایبه‌ت به‌ رۆژی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر رێكخراوی داعشدا كرد، به‌ڵام له‌وكاته‌ی داواكرا بۆ رێزلێنان له‌ شه‌هیدانی عیراق ئامادەبوان بەپێوە راوەستن، باڵیۆز شوێنه‌كه‌ی جێهێشت، له‌به‌رامبه‌ریشدا باڵیۆزخانه‌ی ئێران رونكردنه‌وه‌یه‌كی دا و رایگه‌یاند كه‌ باڵیۆز وایزانیووه‌ مه‌راسیمه‌كه‌ ته‌واو بووه‌، بۆیه‌ رۆیشتیووه‌.

مه‌راسیمه‌كه‌ له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانیی بنیادنان كه‌ له‌ ئیئتلافه‌كانی فه‌تح به‌ سه‌رۆكایه‌تیی هادی عامری و ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ سه‌رۆكایه‌تیی  نوری مالیكی و نه‌سر، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی حه‌یده‌ر عه‌بادی پێكهاتووه‌.

له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا كه‌ به‌بۆنه‌ی رۆژی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر رێكخراوی داعشدا سازكرابوو، د.به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق و ئیره‌ج مه‌سجدی، باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا و چه‌ند سیاسه‌تمه‌تدارێكی دیكه‌ی عیراق به‌شداربن و پێكه‌شكاره‌كه‌ داوا له‌ ئاماده‌بوان ده‌كات بۆ رێزلێنان له‌ گیانی شه‌هیدانی عیراق به‌پێوه‌ راوه‌ستن.

دوای داواكاریی پێشكه‌شكاره‌كه‌ و هه‌ستانی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رجه‌م ئاماده‌بوان، كه‌چی ئیره‌ج مه‌سجدی شوێنه‌كه‌ به‌جێده‌هێڵێت.

رۆیشتنی ئیره‌ج مه‌سجدی له‌وكاته‌دا وا لێكدراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ "سوكایه‌تییه‌" به‌ گه‌لی عیراق، له‌ به‌رامبه‌ریشدا زولفه‌قار ئه‌میر شاهی، راێوژكاری رۆژنامه‌وانیی باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ به‌غدا له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاندوه‌ كه‌ ئیره‌ج مه‌سجدی وایزایووه‌ مه‌راسیمه‌كه‌ ته‌واو بووه‌ و ئێستا كاتی چۆڵكردنی شوێنه‌كه‌یه‌.

به‌وته‌ی ئه‌میر شاهی، باڵیۆزی ئێران له‌ عیراق له‌ سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه‌وه‌ ئاماده‌ بووه‌ و سه‌رجه‌م چالاكییه‌كانی بینیوه‌ و سوره‌تی فاتیحه‌شی بۆ شه‌هیدانی عیراق خوێندوه‌، له‌وكاته‌شدا كه‌ ئاماده‌بوان هه‌ستاونه‌ته‌ سه‌رپێ، ئه‌ویش رۆیشتیوه‌ و وایزانیووه‌ مه‌راسیمه‌كه‌ كۆتایی هاتووه‌ و نه‌یزانیوه‌ ئه‌وه‌ بۆ رێزلێنانه‌ له‌ شه‌هیدان.


PM:11:07:17/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 9772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت