تورکمانەکان داوای پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت دەکەن


وێستگە نیوز-

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی ڕایگەیاند چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو پارتی سەردانیان بکات و ئاماژەی بەوەشکرد یەکێک لەو داواکاریانەی هەیانە پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەتە.

ئایدن مەعروف ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی بە وێستگە نیوزی ڕاگەیاند "داوای ئەوەمان کردووە ئەگەر دوو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێم دابنرێت یەکێکیان بدرێتە لایەنە تورکمانیەکان".

ناوبراو ڕونیکردەوە "تا ئێستا لەلایەن پارتیەوە هیچ وەڵامێک نەدراوینەتەوە نە بە ئەرێنی نە بە نەرێنی".

ناوبراو جەختیکردەوە "ئێمە ئەو پۆستە بە مافی خۆمان دەزانین و لە دانوستانەکاندا داوای دەکەین".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی وتی "چاوەڕوان دەکرێت هەفتەیی داهاتوو پارتی سەردانی ئێمە بکات و لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمەوە دەست بە گفتوگۆ و دانوستان بکەین".

گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دەستیان پێکردووە و تا ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان کە هێزی یەکەمە تەنها سەردانی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانی کردووە.

ب.ع


AM:10:18:21/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 876 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت