په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی: پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ نابێته‌ له‌مپه‌ر بۆ گفتوگۆی هه‌رێم و به‌غدا

‌شیروان میرزا، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عیراق رایگه‌یاند كه‌ گفتوگۆی نێوان هێزه‌ كوردستانیه‌یكان و حكومه‌تی ناوه‌ند به‌رده‌وامه‌ و پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی نابێته‌ له‌مپه‌ر بۆ گفتوگۆی نێوان هه‌ردوولا.

شیروان میرزا، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی عیراق به‌ سۆمه‌رییه‌ نیوز-ی راگه‌یاند كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ بودجه‌ی گشتیی عیراق به‌لایانه‌وه‌ گرنگه‌ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مافه‌كانی جوتیاران و پێشمه‌رگه‌ و به‌ڵێنده‌ران و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان، نه‌ك دیاریكردنی پشكێكی دیاری كراو له‌ بوجه‌.

وتیشی: له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان دیاریكراوه‌، نابێته‌ له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م گفتوگۆكانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕاڵ.

شیروان میرزا وتیشی: گفتوگۆی نێوان هێزه‌ كوردستانییه‌كان و حكومه‌تی به‌غدا و لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ بوجه‌ی گشتی بۆ ساڵی دارایی نوێ به‌رده‌وامه‌ و چه‌ند رۆژێكیش له‌مه‌وبه‌ر وه‌فدی هێزه‌ كوردستانییه‌كان سه‌ردانی به‌غدایان كردوه‌ و له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی دیاریكراو له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم گفتوگۆیان كردوه‌.

به‌وته‌ی په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی یه‌كێتی، هێزه‌ كوردستانییه‌كان چاویان له‌سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ و پشتی پێده‌به‌ستن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی په‌یوه‌ندییه‌ توندوتۆڵه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان.

له‌ دانیشتنی رۆژی سێشه‌ممه‌ 12ی تشرینی دووه‌می 2018، په‌رله‌مانی عیراق به‌ ئاماده‌بونی فوئاد حسێن، وه‌زیری دارایی عیراق پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی بۆ ساڵی 2019 تاوتوێ كرد.


PM:10:35:18/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 2416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت