بەرپرسی كەمئەندامان: مووچەی هەندێك كەمئەندامی هەولێر بڕدراوە


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
لێپرسراوی گشتی كەمئەندامان دەڵێت، مووچەی هەندێك كەمئەندامی شاری هەولێر بڕدراوە و وەزارەتی داراییش ئاماژەیان بەوەكردوە كە ئەو لیستەی بۆیان هاتووە خەرجیان كردووە.

سامان حسێن، لێپرسراوی گشتی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان بە وێستگە نیوزی راگەیاند، دوای ئەوەی ئاگاداركراوە كە لە شاری هەولێر مووچەی هەندێك كەمئەندام بڕدراوە و بەپێی رێژەی كەمئەندامی مووچەیان دابەشكردووە، پەیوەندی بە رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابوورییەوە كردووە ئەویش بەڵێنی بەدواداچوونی خێرای پێداوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، دوای  كەمتر لە دوو رۆژ لەپەیوەندی بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی، كاتژمێر 10ی شەوی یەكشەممە وەزارەتی دارایی پێیان راگەیاندووە كە بەهیچ جۆرێك وەزارەتەكەیان ئاگاداری بڕینی مووچەی كەمئەندامانی هەولێر نییە و تەنها دارایی ئەو لیستانەی بۆی هاتووە راستەوخۆ خەرجیان كردووە بێ هیچ دەستكارییەك.

سامان حسێن روونیكردەوە "بەداخەوە تەنها لە شاری هەولێر ئەم بڕینی مووچە هەبووە و لە سلێمانی نییە، چونكە بڕیار دراوە تا ساڵی نوێ نەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

لێپرسراوی گشتی كەمئەندامان داوا لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەكات لیستەكانی مووچەی كەمئەندامان هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو بنێرێت و ئەم هەڵەیە چارەسەر بكات.

ماوەیەك لەمەوبەر وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی مووچەی نوێی كەمئەندامانی بەپێی رێژەی نوێی كەمئەندامیان راگەیاند كە ئەوەش ناڕەزایی كەمئەندامانی لێكەوتەوە.


AM:12:27:20/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 3508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت