عه‌بادی داوا له‌ سه‌رۆك كۆمار ده‌كات په‌رله‌مانی نوێ بۆ یەکەم کۆبونەوە بانگهێشت بكات

‌حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و داوای له‌ سه‌رۆك كۆمار كرد ده‌ست بكات به‌ بانگهێشتكردنی په‌رله‌مانی نوێ تا له‌ نزیكترین كاتدا دانیشتنی یه‌كه‌میان ساز بكه‌ن.

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رایگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی دادگای فیدڕاڵی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌سه‌ند كرد، سوپاسی خۆم ئاراستی گه‌لی عیراق ده‌كه‌م بۆ به‌شداریكردنیان له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، سوپاسی هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌م كه‌ رۆڵیان له‌ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان و راگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردن.

عه‌بادی پیرۆزبایی خۆشی ئاراسته‌ی په‌رله‌مانتارانی خولی نوێ و به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی ده‌نگده‌ران كردوه‌ و داوای لێكردون له‌به‌رده‌م یه‌زدان و به‌رده‌م گه‌لی عیراق له‌ ئاستی به‌رپرسیارێتیدا بن و جێی ئه‌و متمانه‌یه‌ بن كه‌ ده‌نگده‌ران پێیان داون و تا بتوانن له‌ قۆناغی داهاتوی بنیادنانه‌وه‌ و خزمه‌تگوزاری و باشتركردنی بژێویی ژیان و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و درێژه‌دان به‌ چاكسازی له‌ دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ندا نوێنه‌رایه‌تییان بكه‌ن.

له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌یدا سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رایگه‌یاندوه‌ كه‌ دوای په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵی، عیراق ده‌چێته‌ سه‌قفێكی ده‌ستوری و واده‌یه‌كی دیاركراوه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌موان پابه‌ندبن بپێوه‌ی، بۆیه‌ داوای له‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان كردوه‌ له‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی حكومه‌تی داهاتوو رێكبكه‌ون به‌جۆرێك كه‌ ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوڵاتیان له‌ سه‌رتاسه‌ری عیراق بكات، هه‌ر له‌ باشتركردنی دۆخی ئابوری و ده‌ستكردن به‌ وه‌به‌رهێنان و پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی ستراتیژی و دابینكردنی هه‌لی كار بۆ هاوڵاتیان.

عه‌بادی داواشی له‌ فوئاد مه‌عسوم، سه‌رۆك كۆماری عیراق كردوه‌ په‌رله‌مانی نوێ بانگهێشت بكات بۆئه‌وه‌ی دانیشتنی یه‌كه‌می  له‌ نزیكترین كات و له‌ چوارچێوه‌ی سه‌قفی ده‌ستوری و واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا سازبكات تا له‌وێوه‌ ده‌ست به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی نوێی په‌رله‌مان و سه‌رۆك كۆمار بكرێت و گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانیش بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ راسپێردرێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ی ئابی 2018، دادگای فیدڕاڵیی عیراق ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری بۆ خولی چواره‌می په‌رله‌مانی عیراق په‌سه‌ند كرد.

له‌ 12ی ئایاری 2018 پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەڕێوەچوو، ئەوەش یەکەمجار بوو پرۆسەکە بەشێوازی ئەلیکترۆنی و بە بەکارهێنانی سندوقی زیرەک بەڕێوەبچێت.

دواتر لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 19ی ئایاری 2018، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عیراقی راگەیاند، بەڵام زۆرێک لە لایەنە بەشداربووەکان تانەیان لە ئەنجامەکان دا و رەتیانکردنەوە و هەندێکیش رایانگەیاند کە ساختەکاری لە هەڵبژاردندا کراوە.

لە دوایین پێشهاتیشدا کۆگای هەڵگرتنی سندوقەکانی دەنگدان لە ناوچەی رەسافە لە بەغدای پایتەخت سوتا و زۆرێک لە دەنگەکان فەوتان، پەرلەمانی ئێستای عیراقیش پێش روداوەکە و دواتریش داوای هەژمارکردنەوەی دەنگەکانی بەشێوەی دەستی کرد و بڕیارێکی بۆ دەرکرد، دادگای فیدراڵیی عیراقیش بڕیارەکەی پەرلەمانی بە دەستوری وەسفکرد و ژماردنه‌وه‌ش بۆ رێژه‌یه‌كی دیاریكراو له‌ كورسییه‌كان به‌ چاودێریی دادوه‌ران له‌جێ به‌رپرسانی كۆمسیۆن، ئه‌نجامدرا.

بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی ناڕه‌زایی لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان په‌رله‌مانی عیراق بڕیاریدا به‌ڕێژه‌ی 100% سندوقه‌كانی ده‌نگدان به‌ ده‌ست هه‌ژمار بكرێنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی عیراق بڕیاریدا ژماردنه‌وه‌كه‌ ته‌نها بۆ ئه‌و سندوقانه‌ بێت كه‌ تانه‌یان له‌سه‌ره‌، بۆیه‌ پرۆسه‌ی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌كان به‌ 9 دادوه‌ر راسپێردرا و ده‌ست به‌ پرۆسه‌كه‌ كرا.

شه‌وی پێنجشه‌ممه‌ 9ی ئابی 2018، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق، ئه‌نجامی ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌كانی سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عیراقی راگه‌یاند.

بەپێی ئەو ئەنجامانە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق بڵاوکردوەوە، لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکوک هیچ گۆڕانکارییەک لە ژمارەی کورسیەکان و ناوی کاندیدە سەرکەوتوەکانی حزبە بەشداربوەکانی هەڵبژاردندا روی نەداوە.

له‌سه‌ر ئاستی عیراقیش، ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌ هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگاكانی زیقار، نه‌ینه‌وا، سه‌ڵاحه‌دین، ئه‌نبار و به‌غدا روویانداوه‌، كاندیده‌ ده‌رچووه‌كان گۆڕانكارییان تێدا هاتووه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان لیستی حزبه‌كانن، واتا كورسییه‌كه‌ هی هه‌مان حزب و هاوپه‌یمانێتییه‌، ته‌نها كاندیده‌ ده‌رچووه‌كه‌ گۆڕاوه‌.

ریزبەندی و ژمارەی کورسییەکانی لیست و هاوپه‌یمانی و قه‌واره‌ سیاسیی به‌شداربووه‌كان لە هه‌ڵبژاردنه‌  په‌رله‌مانییه‌ه‌ی 12ی ئایاری 2018ی عیراق بەمشێوەیە بوو: هاوپەیمانێتیی سائیرون بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر 54 کورسی، هاوپەیمانێتیی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری 47 کورسی، هاوپەیمانێتیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی 42 کورسی.

 هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی 26 کورسی، هاوپەیمانێتیی وەتەنییە بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەللاوی 21 کورسی، رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم 19 کورسی، هاوپەیمانێتی قەرار بە سەرۆکایەتیی ئوسامە نوجێفی 15 کورسی.

له‌ هه‌رێمی كوردستانیش پارتی دیموکراتی کوردستان 25 کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 18 کورسی، بزوتنەوەی گۆڕان 5 کورسی، نەوەی نوێ 4 کورسی، هه‌ریه‌ك له‌ هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەی، یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان 2 کورسی.


PM:08:11:19/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 2660 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت