"گەڕانەوەی بەشێك لە هێزە ئەمنییەكان بۆ خوارووی عیراق، بۆشایی لە كەركوك دروستكردووە"


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
پەرلەمانتارێكی پێشووی یەكێتی لە پەرلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت، گەڕانەوەی بەشێك لە هێزە ئەمنییەكان بۆ خوارووی عیراق، بۆشایی لە شاری كەركوك دروستكردووە، بەڵام دەبێت تەقینەوەكان و رووداوەكانی دیكەش دروستكردنی حكومەتی نوێی عیراق خێراتر بكەن.

شوان داودی، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی لە پەرلەمانی عیراق دانیشتووی شاری كەركوك بە وێستگە نیوزی راگەیاند، تەقینەوەكانی شاری كەركوك رەنگدانەوەی دۆخی سیاسی و مانەوەی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و شلۆقی دۆخی ئەمنی عیراق بە گشتی و ناوچەكەیە، ماوەیەكی زۆرە چالاكی زۆری داعش لە سنوورەكانی خواروو و رۆژئاوای كەركوك هەیە، ئێستاش بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەی لە ناوەڕاست و باشوور دروستبووە، بەشێك لە هێزە ئەمنییەكان گەڕێندراونەتەوە خوارووی عیراق ئەوە بۆشایی دروستكردووە و سوودی لێوەردەگیرێت.

سەبارەت بەوەی چ لایەنێك لەپشت ئەو تەقینەوانەیە، ناوبراو روونیكردەوە، ئەجندای سیاسی زۆرە و تەنانەت خودی داعشیش رەنگدانەوەی چارەسەر نەكردنی كێشەی سیاسییە، لەم وڵاتەدا كێشە ئەمنییەكان رەنگدانەوەی كێشە سیاسییەكانە، هەروەها سەركەوتنی عیراق بەسەر داعش لەڕووی سەربازییەوە بووە، بەڵام سەركەوتنی سەربازی هەمیشە چارەسەر نییە، بەڵكو دەبێت چارەسەری سیاسی بەدوادا بێت.

داودی وتیشی "ئەم تەقینەوانە و رووداوەكانی ناوەڕاست و باشوور هەروەها كێشەی ئەمنی ناوچەكانی دیكەش، دەبێت دروستكردنی حكومەتی عیراق و گەڕاندنەوەی دام و دەزگاكان خێراتر بكات".

شەوی رابردوو چەند تەقینەوەیەك شاری كەركوكیان هەژاند كە تەقینەوەكان تەنیا بۆمبی چێنراو بوون و لە چەند شوێنێكی جیاواز دانرابوون، بەپێی دەزگا ناڕەسمییەكان، لە تەقینەوەكاندا 11 هاوڵاتی بریندار بوون و لە كەوتنەوەی ھاوەنەكانیشدا پێنج كەسی دیكە بریندار بوون.


PM:04:11:19/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 1232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت