بافڵ تاڵەبانی راگەیەندراوەکەی لەسەر دواخستنی ریفراندۆم لە فەیسبوک سڕییەوە


وێستگە نیوز-

بافڵ تاڵەبانى، سکرتێرى سکرتاریەتى جەلال تاڵەبانى راگەیەندراوەکەى لەسەر دواخستنى ڕیفراندۆم لە فەیسبووک سڕییەوە.

دوای ئەوەی كەمێك لەمەوپێش بافڵ تاڵەبانی لەسەر هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك راگەیەندراوێكی لەسەر بڕیاری ئەنجام نەدانی ریفراندۆم لەلایەن یەكێتی و پارتی یەوە بڵاوكردەوە و لاى خۆیانەوە میدیاكانی یەكێتیش بڵاویانكردەوە.

لەبەرامبەردا ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم راگەیەندراوێكی لەبەرامبەر ئەو راگەیەندراوەی بافڵ تاڵەبانی بڵاوكردەوەو سەرجەم زانیارییەكانی بەدرۆخستنەوە و رایگەیاند، كە پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ رێككەوتنێكی بۆ ئەنجام نەدانی ریفراندۆم نەكردووەو ناشیكات.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ وێستگه‌ نیوز نێردراوه‌، تیایدا هاتووه‌: "لە ژمارەیەك میدیا و دەزگای راگەیاندن، لەسەر بنەمای نووسینێكی بەڕێز بافڵ، تاڵەبانی دەنگۆی ئەوە بڵاو كراوەتەوە كە گوایە پارتی و یەكێتی پاكێجی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكا و فەڕەنسا و بەریتانیایان پەسەند كردووە و ریفراندۆم ئەنجام نادرێت".

ئه‌نجومه‌نی باڵای ریفراندۆم ده‌شڵێت: "بە گشت لایەك رادەگەیه‌نین كە ئەم هەواڵە هیچ ئەساسێكی نییە و دوورە لە راستی و ریفراندۆم لە كاتی دیاریكراوی خۆی ئەنجام دەدرێت".

بافڵ تاڵه‌بانی، كوڕی گه‌وره‌ی مام جه‌لال سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌: "پاش لەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو رێنمایی‌ و پرۆژەو ئامۆژگارییە دڵسۆزانەی كەلە دۆست‌ و پشتیوانەكانمانەوە پێمان گەیشتوون، گەشتینە ئەو باوەڕەی كە باشترین رێگاو بەدیل بۆ چارەسەری ئەم بارودۆخەو گەیشتن بە ئامانجە بەرزەكانی خەباتمان، پاكێجی نەتەوەیەكگرتووەكان‌ و ئەمریكاو فەرەنساو بەریتانیایە كە پێشكەشیان كردووین‌ و بە باشترین چارەسەری دەزانین لە ئێستادا". 




د.ف


PM:04:32:23/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 4820 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت