رۆژی جیهانیی كرێكاران: له‌ 12 مانگی رابردوودا 10 كرێكار له‌ ئێران خۆیان كوشتوه‌


وێستگه‌ نیوز-

لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران کۆمەڵەی چالاکانی مافەکانی مرۆڤی ئێران ڕاپۆرتێکی بەراوردکاری نێوان دوو ساڵی لە سەر دۆخی کرێکاران بڵاوکردووەتەوە و ئاشكرایكردووه‌ كه‌ دۆخی کرێکارانی ئێران لە ساڵی 2023 بەراورد بە ساڵی پێشووتر زۆر خراپتر بووە و ته‌نها له‌ 12 مانگی رابردوودا، 1680 کرێکار لە کاتی کارکردندا بەهۆی ڕووداوی جیاواز گیانیانله‌ده‌ستداوه‌و 10 كرێكاریش خۆیان كوشتوه‌و هه‌زارانی دیكه‌ش به‌هۆی داخستنی كارگه‌كانه‌وه‌ بێكاربوون و ناڕەزایی و مانگرتنیش زۆر پەرەیان سەندووە.

کۆمەڵەی چالاکانی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە راپۆرتەکەیدا ئاشکرای کردووە لە 12 مانگی ڕابردوودا لە ناوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا، 1680 کرێکار لە کاتی کارکردندا بەهۆی ڕووداوی جیاواز گیانیانله‌ده‌ستداوه‌ کە 1514 کەسیان لە 10 ڕاپۆرتی فەرمیدا ناویان هاتووە، بەڵام لایەنە حکومییەکان تەنیا ناوی 166 کرێکاریان بڵاوکردووەتەوە.

هەر لەو ماوەیەدا 8199 کرێکار لە کاتی کارکردندا بریندار بوون کە لەم ژمارەیە ناوی 7517 کەسیان لە هەشت ڕاپۆرتی فەرمیدا ئاشکرا کراوە، بەڵام تەنیا 682 کرێکار لە راپۆرتی لایەنە ناحکوومییەکاندا ناویان هاتووە.

کۆمەڵەی چالاکانی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەیداوە لە دوازدە مانگی ڕابردوودا 84 هەزار 226 کرێکار کێشەی دواکەوتنی مووچەیان هەبووە، هه‌ر لەو ماوەیەدا 528 خۆپیشاندان و گربوونەوە لە لایەن سەندیکا و کۆمەڵەی کرێکارییەکانەوە ڕێکخرابوو کە بەراورد بە ساڵی پێشووتری 100% زیاتر بووە، هەروەها 1448 خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین لە لایەن ڕێکخراوە پیشەییەکانەوە ڕێکخراوە کە بەراورد بە ساڵی پێشووتر 90% زیاتر بووە.

لە 12 مانگی ڕابردوودا ڕێکخراوە کرێکارییەکان له‌ ئێران 97 جار مانگرتنیان کردووە کە 14% زیاتر لە ساڵی پێشووتر بووە و ڕێکخراوە پیشەییەکانیش 37 مانگرتنیان بەڕێوە بردووە کە 90.6% زیاتر لە ساڵی پێشووتر بووە.

بە هۆی ئەم چالاکییانەوە 51 کرێکار دەستگیرکراون و 48 کەسیان دادگایی کراون و لە ئەنجامدا 26 کەس سزای زیندان و قەمچی و پێبژاردنیان بۆ بڕاوەتەوەو 10 کرێکاریش خۆیان کوشتووە.

هەر لەم ماوەیەدا 47 کارگەی پیشەسازی داخراون، کە بەهۆیەوە 3188 بێکار بوون. هەروەها 2514 کرێکاریش لە کارەکەیان دەرکراون. دوو ملیۆن و 272 هەزار و 461 کرێکاریش بە بێ بوونی بیمە کاریان کردووە.


AM:09:08:01/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت