لەجیاتی بەرزکەرەوە پلیکانە بەکاربهێنە


وێستگه‌نیوزـ

بەپێی توێژینەوەیەک کە ئەنجامەکەی لە ماڵپەڕی ئەلعەرەبیەدا بڵاوکراوەتەوە، بەکارهێنانی پلیكانه‌ لە ژیانی رۆژانەماندا، دەبێتە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی مەترسی گیان لەدەستدان، جاهۆکارەکەی هەر چییەک بێت بە رێژەی 24٪، لەگەڵ کەمکردنەوەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن بە رێژەی لە 35٪، هەروەها توێژینەوەکە دەریخستووە کە رۆیشتن بەسەر پلیکانەدا سوودی بۆ کەمکردنەوەی جەڵتەی دڵ و لاوازی دڵ و جەڵتەی مێشک دەبێت بۆماوەی 14 ساڵ.


بەپێی نوێترین توێژینەوەکان، رەنگە بەکارهینانی بەرزکەرەوە، سەرنجڕاکێش بێت بۆ دابینکردنی خۆشگوزەرانی و رێگەیەک بێت بۆ کەمتر بەکارهێنانی وزەکانمان، بەڵام وازهێنان لە باکارهێنان و هاتوچۆ کردن بەسەر پلیکانەکاندا، دەتکاتە خاوەنی تەندروستییەکی باش بە درێژایی تەمەن.

بەپێی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، زاناکان ‌هەڵساون بە ئەنجامدانی شیکارییەکی گەورە بە پشتبەستن بە 9 توێژینەوەی لە پێشتر و بەشداری پێ کردنی 500 هەزار کەس، کە تەمەنیان لە نێوان 35 بۆ 84ساڵیدا یە، لە توێژینەوەکەدا ژمارەی پلیکانەکان و خێرایی لە سەرکەوتن و دابەزیندا هەژمارکراوە، لەگەڵ بەشداری پێ کردنی کەسی تەندروست و ناتەندروست، کە پێشتر مێژوویەکی درێژیان لەگەڵ نەخۆشیی دڵدا هەبووە.

لە کۆتایدا ئەنجامی شیکارییەکە سەلماندوویەتی کە سەرکەوتن بەسەر پلیکانەکاندا سوودی هەیە بۆ کەمبوونەوەی مەترسی مردن بە هەر هۆکارێک بێت بە رێژەی 24%، هەروەها کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بەڕێژەی 39%، وەک جەڵتەی دڵ و سستبوونی دڵ و جەڵتەی مێشک، بۆماوەی 14 ساڵ.

توێژەران نووسیویانە: لەگەڵ بڵاوبوونەوەی رەفتاری کەم جوڵە و جێگیری مرۆڤەکانی ئەم سەردەمەدا و زیادبوونی مەترسییە تەندروستییەکان کە بەهۆیانەوە سەرهەڵدەدەن، پێویستییەکی زۆرمان بەوەیە بگەرێین بەدوای ستراتیژی ئاساندا بۆ جوڵە، تا مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن کەمبکەینەوە.

"بەرەوپێشبردنی شێوازی ژیانی تەندروست"

لە درێژەی توێژینەوەکەدا هاتووە کە ئەنجامی شیکارییەکان ئەوەیان نیشان داوە، زۆرگرنگە ئاستی چالاکی جەستەمان بەرزبکەینەوە تەنانەت لەناو شوێنی کار و ماڵەوەشدا.

دکتۆر سۆفی پادۆک، لە زانکۆی ئیست ئەنگلیا، دەڵێت: "ئەگەر ڕۆژێک هەڵبژاردەی بەکارهێنانی پلیکانە و بەرزکەرەوەت خرایە بەردەم، ئەوا پلیکانەکە هەڵبژێرە، چونکە یارمەتیدەرێکی باشە بۆ تەندروستی دڵت، و تەنانەت ماوەیەکی کورتیش لە چالاکی جەستەیی کاریگەری ئەرێنی بۆ تەندروستیت جێدەهێڵێت، هەربۆیە هانی خەڵک دەدەین پلیکانەکان بکەن بە بەشێک لە ژیانیان”.

لە درێژەی قسەکانیدا ئاشکرایکرد، توێژینەوەکەیان نیشانیداوە کە تا زیاتر پلیکانەکان بەکاربهێنین، سوودەکانی زیاتر دەبن، بۆیە چ لە شوێنی کار و چ لە ماڵەوە، پلیکانەکان بەکاربهێنە.

شایەنی باسە لە توێژینەوەکانی پێشوودا دەرکەوتووە کە وەرزشە سادەکانی وەک سەرکەوتن بەسەر پلیکانەکاندا دەتوانن سوودی بەرچاو بە دڵ و ماسولکەکان ببەخشن.


AM:11:58:29/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو