ئومێد خۆشناو: پاڵپشت و هاوکاری‌ ڕۆژنامەنوسانین بۆ پێشخستنی‌ ڕۆژنامەگەریی كوردی


وێستگه‌ نیوزـ

بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی‌ و 126 ساڵەی‌ دەرچوونی یەكەم ژمارەی (ڕۆژنامەی كوردستان)، پارێزگاری هه‌ولێر پشتیوانیی خۆی بۆ رۆژنامه‌نوسان دووپاتكرده‌وه‌.

له‌ په‌یامێكدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر سه‌ره‌ڕای پیرۆزبایی له‌و یاده‌، هیواشی خواستوه‌ رۆژنامه‌نوسان " سوود لەو ژینگە و دەرفەتە باشە وه‌ربگرن كه‌ بۆ کاری ڕۆژنامەوانیی و ئازادی ڕاگەیاندن لە هەرێمی‌ کوردستان ڕەخساوە".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر:

پەیامی پارێزگاری هەولێر، بۆ ڕۆژی‌ ڕۆژنامەگەریی كوردی و دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان
بەناوی خوای مەزن و دلۆڤان

بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی‌ و (126) ساڵەی‌ دەرچوونی یەكەم ژمارەی (ڕۆژنامەی كوردستان) و (26)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، پیرۆزبایی لە ڕۆژنامەنووس و میدیاكار و نەقیب و ئەندامانی‌ ئەنجومەنی‌ دەستەی‌ کارگێڕی‌ سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان بەگشتیی‌ و هەولێری‌ پایتەخت بە تایبەتی‌ دەكەین.

لەم بۆنەیەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو رووناکبیر و ڕۆشنبیر و رۆژنامەنووسانە دادەنوێنین کە لە پێناو دۆزی ڕەوای گەلەکەمان گیانی خۆیان کردە قوربانی، وەک پارێزگای هەولێریش، دووپاتی دەکەینەوە، پاڵپشت و هاوکاری‌ ڕۆژنامەنووسانین بۆ پێشخستنی‌ ڕۆژنامەگەریی كوردی و گەشەپێدانی كولتوور و ڕۆشنبیری‌، هیوادارین ئەوانیش لەو ژینگە و دەرفەتە باشەی‌ کە بۆ کاری ڕۆژنامەوانیی و ئازادی ڕاگەیاندن بە گشتی لە هەرێمی‌ کوردستان ڕەخساوە، سوود لەم کەشە وەربگرن و لە جێبەجێكردنی ئەرك و كارەكانیاندا سەركەتووبن و بە گیانێكی بەرپرسیارانە و بە باشتر و جوانتر، لە خزمەتی كۆمەڵگە و ئامانجە نیشتمانییە باڵاکاندا بن.

دووبارە ئەم یادە لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسان پیرۆزبێت 

ئومێد خۆشناو
پارێزگاری هەولێر


PM:08:54:21/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت