مه‌ریوان قه‌ره‌نی: ناكرێ رێككه‌وتنه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و عێراق له‌باره‌ی مووچه بكرێته قوربانیی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێك لایه‌ن
وێستگه‌نیوز-
جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند كه ناكرێ رێككه‌وتنه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و عێراق له‌باره‌ی مووچه بكرێته قوربانیی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن.
مه‌ریوان قه‌ره‌نی جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه "رێككه‌وتنه‌كه‌ی جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌باره‌ی مووچه چاره‌سه‌رێكی گونجاوه و پێویسته پاساوی نوێ نه‌هێندرێته‌وه!".
مه‌ریوان قه‌ره‌نی نووسیویه‌تی: "پێش جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز، له ئه‌نجامی ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ، بۆ یه‌كه‌مینجار دوای 10 ساڵ له بێبه‌شكردنیان له مووچه‌كانیان له لایه‌ن به‌غداوه، له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا مووچه‌خۆرانی كوردستان دوو مووچه‌یان بۆ نێردرا، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی دڵخۆشكه‌رانه بوو نه‌ك هه‌ر بۆ خه‌ڵكی كوردستان و دۆستانمان له عێراق، بگره له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش كاردانه‌وه‌ی هه‌بوو، هه‌روه‌ك قسه‌كانی جۆ بایدن، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و پشتیوانیكردنی له ناردنی مووچه بۆ هه‌رێمی كوردستان".
باسی له‌وه‌شكردووه كه "به‌داخه‌وه له‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردوودا، هه‌ست به چڕبوونه‌وه‌ی هه‌وڵی هه‌ندێك لایه‌نی ناوخۆیی ده‌كه‌ین له‌وانه‌ی چاره‌نووس و ئایینده‌ی خۆیان له خراپیی دۆخی خه‌ڵك ده‌بیننه‌وه و حه‌ز ده‌كه‌ن خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بێمووچه بێت! ئه‌و لایه‌نانه له ڕێگه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كانیانه‌وه فشار ده‌كه‌ن و ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاوده‌كه‌نه‌وه گوایه دیسان بابه‌تی ته‌وتین هاتۆته‌وه به‌رباس و ده‌یانه‌وێ له‌م ڕێگه‌یه‌وه مووچه‌خۆرانی كوردستان تووشی دڵه‌ڕاوكێ بكه‌ن و دیسان بازاڕ بشڵه‌ژێننه‌وه! به چاوی خۆشمان ده‌بینین ئه‌م لایه‌نانه و په‌رله‌مانتاره‌كانیان ڕۆژانه شان به شانی كه‌سانێكی شۆڤێنی، هانی دروستكردنه‌وه‌ی ئه‌م كێشه‌یه ده‌ده‌ن!".
جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دووپاتی ده‌كاته‌وه كه "ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ له‌باره‌ی مووچه له‌م كاته‌دا چاره‌سه‌رێكی گونجاوه و ناكرێ بكرێته قوربانیی به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن!".
ده‌شڵێت: "باشتره پاشان هه‌نگاو به‌ره‌و ئه‌وه بنرێت كه له چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی (هه‌ژماری من)دا ته‌وتینی مووچه‌خۆران بكرێت و كێشه‌ی مووچه به یه‌كجاره‌كی چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ژماری من دژی بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی نیه، هه‌روه‌ك هادی عامریش رای گه‌یاند، له ته‌وتینه‌كه‌ی عێراقیشدا بانكی ئه‌هلی هه‌ن و به‌شدارن".
مه‌ریوان قه‌ره‌نی راشیگه‌یاندووه كه "هیوادارین هه‌موو لایه‌نه‌كان له كوردستان، به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی به گشتی و مووچه‌خۆران به تایبه‌تی، له‌به‌رچاو بگرن، واز له‌وه بێنن رۆژێك له ڕێگه‌ی ده‌سته‌ی جێگومانه‌وه واژۆی ساخته بێننه به‌غدا و جارێكی تر له ڕێی په‌رله‌مانتاره‌كانیان له لێژنه‌ی دارایی داوای سه‌یر و سه‌مه‌ره له وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بكه‌ن. لێره‌شه‌وه پێیان ده‌ڵێم، له‌وه دڵنیا بن كه ئه‌گه‌ر به‌و خۆچه‌ماندنه‌وه‌یه‌ی ئێوه بوایه، به‌غدا مووچه‌یه‌كی بۆ مووچه‌خۆران نه‌ده‌نارد!".
PM:03:17:21/04/2024
ئه‌م بابه‌ته 1032
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت