وەزیری دارایی عێراق: کار بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتی نانەوتی دەکەین
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق
وێستگهنیوزـ
وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی فراوانکردنی بنەماکانی باج و بەئەلکترۆنیکردنی مامەڵەکان و بەرزکردنەوەی کارامەیی گومرگیی، کار دەکەن بۆ باشترکردنی پلانەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی بودجەی گشتی، کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان و زیادکردنی داهاتی نانەوتی.
ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی نیسانی 2024، لە کۆبوونەوەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و گروپی بانکی نێودەوڵەتی، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ عەبدولعەزیز مەولا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری عێراق کۆبووەوە و گفتوگۆ لەبارەی پاڵپشتییەکانی بانکی نێودەوڵەتی بۆ عێراق کرا.
وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشی کاروباری دارایی و تەکنیکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی گفتوگۆیان لەبارەی رێوشوێنەکانی چاکسازیکردن لە دۆسیەی باج و گومرگی عێراق کردووە، هەوڵەکانیشیان بۆ کارکردن لەسەر سیستەمێکی دارایی پتەو بەردەوام دەبێت.
لای خۆشییەوە، عوسمان دەوانی جێگری سەرۆکی نوێی بانکی نێودەوڵەتی ئامادەیی خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی عێراق لە بوارەکانی دارایی و ئابووری دووپاتکردەوە، بەتایبەت دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی هێڵی ئاسنین کە بە یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی گواستنەوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دادەنرێت.
PM:02:03:21/04/2024
ئهم بابهته 696
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت