126 ساڵ بەسەر ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا تێدەپەڕێت


وێستگه‌نیوزـ

لە رۆژی 22ی مانگی چواری ساڵی 1898دا، لە قاهیرەی پایتەختی میسر  یەکەم رۆژنامەی کوردی بەچاپ گەیەندرا، ئەمڕۆش کە دەکاتە 21ی مانگی چواری 2024، سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان و سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان، لە یاریگای کەمال سەلیم لە شاری سلێمانی و لە کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆدا چەند چالاکییەک ئەنجام دەدەن.


لەم یادەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە رۆژنامەنوسانی سلێمانی و کەرکوک بەچەند چالاکییەک بەشداردەبن، بەو بۆنەیەشەوە هەردوو تیپی تۆپی پێی رۆژنامەنووسان و نووسەرانی سلێمانی لەگەڵ تیپی رۆژنامەنووسانی کەرکوکدا لە یارییەکی پڕ چێژدا بەیەک دەگەن.

دەزانیت یەکەم رۆژنامەی کوردی کە چاپکرابێت ناوی چی بووە؟

رۆژنامەی (کوردستان) یەکەم رۆژنامەی کوردی

126ساڵ بەرلەئێستا و لە رۆژی 22ی مانگی چواری ساڵی 1898دا، رۆژنامەی (کوردستان) لە قاهیرەی پایتەختی میسڕ، لە لایەن بنەماڵەی بەدرخانییەکانەوە و لەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخان یەکەم ژمارەی لێ چاپکرا، بەمەش بۆ یەکەمجار یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە زمانی شیرینی دایک چاوی بە دونیا هەڵهێنا.

لە مێژوودا چاپکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم رۆژنامەیە، بە خەباتێکی رۆشنبیری و نەتەوەیی لەقەڵەم دراوە، و لەلای رۆژنامەنووسان و ئەدیبان و هەموو چین و توێژەکانیش بە یەکەم هەنگاوی هاتنەکایەی رۆژنامەگەری کوردی داندراوە.

رۆژنامەی (کوردستان) وەک یەکەم رۆژنامەی کوردی، لەماوەی 4 ساڵی بەردەوامبوونیدا 31 ژمارەی لێ دەرچووە، یەکەم ژمارەی ئەم رۆژنامەیەش بەزمانی شیرینی کوردی کرمانجی بووە، بەڵام لە ژمارەی چوارەمیەوە چەند بابەتێکی بە زمانی تورکی بڵاوکراوەتەوە.

رۆژنامەی کوردستان لەکاتی خۆیدا بە خۆڕایی بەسەر خوێنەرانیدا بڵاوکراوەتەوە، لەوکاتەشدا نووسەرانی رۆژنامەکە بەبێ ترس بەرهەڵستی دەسەڵاتی عوسمانیەکانیان کردووە و لەلایەن کۆمەڵەی ئتحاد و تەرەقییەوە پشگیری کراون.


PM:12:08:21/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 560 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت