كۆڵبه‌رێكی كورد له‌ سنووری پارێزگای سنه‌ كوژرا


وێستگه‌نیوزـ

لە بەرزاییەکانی سەوڵاوای سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا، کۆڵبەرێکیش لە سنووری بانە زیاتر لە دوو رۆژە بێسەروشوێنە.

 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوێنێ چوارشەممە 17ی نیسانی 2024، کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی سەیوان دەست ئەفکەن، لە بەرزاییەکانی تەتەی هەورامانی سەر بە پارێزگای سنە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا.
 
بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک، دەستڕێژی گوللـەیان لە کۆڵبەران کردووە و لەئاکامدا سەیوان گیانی لەدەستداوە.

سەیوان دەست ئەفکەنی تەمەن 35 ساڵ، خێزاندار و باوکی منداڵێکە و، خەڵکی گوندی دەڕە پەیمانی سەر بە شاری مەریوان بووە.
 
بەهۆی رادەستنەکردنەوەی تەرمی سەیوان، گرژی لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی مەریوان و خەڵکی شارەکە روویدا، کە لە ئاکامی گوشاری خەڵکدا ناچار بوون تەرمەکە رادەست بکەنەوە و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەلایەن کەسوکاریییەوە بەخاکسپێردرا.
 
ملەی تەتە دەکەوێتە نێوان شارەکانی پاوە و مەریوان لە پارێزگاکانی کرماشان و سنە. یەک لە رێگەکانی هاتوچۆی کۆڵبەرانە بۆ ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان کە لەو رێگەیەوە زیاتر کەلوپەلی کارەبایی نێوماڵ و جلوبەرگ دەگوازنەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان.


AM:11:15:18/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 732 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو