ئیمارات زۆرترین رێژەی بارانبارینی لە ماوهی 75 ساڵی رابردوودا تۆمارکرد
وێستگهنیوزـ
لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا زۆرترین رێژەی بارانبارین لە وڵاتی ئیماراتدا تۆمارکراوه، کە لەماوەی 75ساڵی رابردوودا یەکەمجارە وڵاتەکە لەم جۆرە کەشوهەوایە بەخۆیەوە ببینێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا کەشێکی باراناوی بەهێز رووی لە چەند وڵاتێکی کەنداو کردووە، و لە ئەنجامیشدا لافاوێکی خێرا لە ناوچەکانی دوبەی و ئیمارات و عومان و یەمەندا دروست بووە، بەوهۆیەشەوە لانیکەم 19کەس گیانیان لەدەستداوە.
سەنتەری نیشتیمانی کەشناسی ئیمارات رایگەیاندووە، ئەو کەشە سەختەی کەلە 16ی نیسانەوە روویکردوهتە ناوچەکە، بەڕووداوێکی ناوەزە لەمێژووی کەشناسی ئیماراتدا دادەنرێت، رێژەی بارانبارینیش لە کەمتر لە 24کاتژمێردا گەیشتوهتە 254.8 ملیمهتر.
شارەزایانیش پێیان وایه، ماوەی 75 ساڵە بارانبارینی لەوجۆرە نەباریوە لە وڵاتەکەدا.
لەهەمان کاتیشدا پێگە عەرەبییەکان ژمارەیەک لە وێنەو ڤیدیۆی کۆبوونەوەی ئاوی باراناو و دیمەنەکانی دروستبوونی لافاویان بڵاوکردوهتەوە، کە چۆن رێگاوبانی شارەکانی ئیمارات و دوبەی ژێرئاوکەوتوون و تەنانەت گەشتە ئاسمانییەکانیش بۆ ماوەیەکی کاتی راگیراون.
یەکێک لەدیمەنە سەرنجڕاکێشەکانیش دەرکەوتنی هەوری سوپەر سێڵە لەئاسمانی ناوچەکە و بەتایبەتی لە وڵاتی ئیماراتدا، کە هەورێکی زۆر چڕ و تاریکە و بەدەر لە بارانی بەلێزمە زۆرجار تەرزەی قەبارە گەورەشی لێوە دەبارێت کە تیرەکەی دەگاتە حەوت سانتیمەتر، لەتوانایدایە رۆژی روناک بگۆڕێت بۆ شەو.
AM:10:21:18/04/2024
ئهم بابهته 1216
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت