ئێران و ئیسرائیل یەکتر بە هەڕەشە بۆسەر ئاشتى رۆژهەڵاتى ناوەراست تۆمەتبار دەکەن


وێستگه‌نیوزـ

ئێران و ئیسرائیل لە ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەیەکگرتوەکان، یەکتریان تۆمەتبار کرد بە مایەى هەڕەشە بۆ ئاشتى و سەقامگیریی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و داواى سەپاندنى سزایان لەدژى یەکتر کرد.


وەک بڕیار بوو، شەوى رابردوو، کۆبونەوەى نائاسایی ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەیەکگرتوەکان لەسەر داواى ئیسرائیل و لەبارەى هێرشەکەى ئێران بۆ سەر ئه‌و وڵاته‌ بەڕێوەچوو.

جەلعاد ئیردان، باڵیۆزى ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتوەکان رایگه‌یاند: ئیتر رووپۆشى ئێران کەوت، ئێران، پاڵپشتییکارێکى سەرەکیی تیرۆرە لە جیهان و جەختى کردەوە؛ بەهۆى ئەوەى تاران هۆى تێکدانى ئاسایش و ئاشتى و سەقامگیریی رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە، پێویستە ئەنجومەنى ئاسایش پەلە بکات لە سەپاندنى سزا بەسەریدا و داواشى کرد، سوپاى پاسداران بخرێتە لیستى تیرۆرەوە.

لاى خۆشییەوە، ئەمیر سەعید ئیرەوانى، باڵیۆزى ئێران لە نەتەوەیەکگرتوەکان وتى: "وڵاتەکەى هیچ بژاردەیەکى لەبەردەست نەبووە، جگە بەرگریکردن نەبێت لەخۆى و ئەوەى کردویانە مافێکى رەوا بوە".

ئیرەوانى، رەخنەشى لە ئەنجومەنى ئاسایش گرت بەوەى، نەیتوانیوە ئەرکەکانى خۆى جێبەجێ بکات و وتیشى: "کاتى ئەوە هاتووە، ئەنجومەنى ئاسایش بەرپرسیارێتی خۆى جێبەجێ بکات و رووبەڕووى هەڕەشەکانى سەر ئاشتى و ئارامیی ناوچەکە و جیهان ببێتەوە، ئەوەش بە سزادانى ئیسرائیل دەبێت کە تاوانى جەنگ ئەنجام دەدات لە غەززە".

ئەندامانى ئەنجومەنى ئاسایش و سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکانیش، داواى دانبەخۆداگرتن و دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزترکردنى دۆخەکەیان کرد و ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس وتى: نە جیهان و نە هیچ ناوچەیەک، چیتر تواناى بەرگەگرتنى ئاشوب و جەنگێکى تر ناکەن.


AM:09:08:15/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو