سوپاسالاری ئێران: هیچ نیازێکمان نییە بەردەوامی بە ئۆپراسیۆنەکەمان بدەین
محەمەد باقری، سوپاسالاری ئێران
وێستگهنیوزـ
ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی نیسانی 2024، محەمەد باقری، سوپاسالاری ئێران لەبارەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی شەوی رابردوویان بۆ سەر ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی (وعد صادق) بە سەرکەوتوویی هەموو ئامانجەکانی خۆی پێکا و نیازی بهردهوامی پێدانیان نییه.
محەمەد باقری، هۆکاری هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە "بەزاندنی هێڵی سوور لەلایەن رژێمی زایۆنی"یەوە ناوبرد و وتی: "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ناوەندێکی گەورە کرایە ئامانج، کە زانیاریی بۆ هێرشی زایۆنییەکان کۆدەکردەوە. هەروەها بنکەی ئاسمانیی (نەواتیم)یش کە هێرشی کردبووە سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، کرایە ئامانج و هەردوو بنکەکە لەکارکەوتن".
سوپاسالاری جەختی لەوە کردەوە، ئەوان ئامانجی خۆیان لە هێرشەکەدا پێکاوە و هێرشی دیکە ناکەن، "بەڵام ئەگەر رژێمی زایۆنی بیەوێت وەڵامی هێرشەکەمان بداتەوە، ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاوتر دەستپێدەکەن."
شەوی شەممە 13-04-2024 تا بەرەبەیان، ئێران لە رێگەی نزیکەی 300 درۆن و مووشەکی کروزەوە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەڵام سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکە زیانێکی ئەوتۆی نەبووە و 99%ی مووشەک و درۆنەکانیان خستوونەتە خوارەوە.
هێرشەکە دوای ئەوەدا هات رۆژی 01-04-2024 کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کرایە ئامانج و حەوت کەس، کە دووانیان فەرماندە و ئەوانی دیکەش راوێژکاری سەربازیی ئێران بوون، کوژران؛ ئێران تۆمەتەکەی خستەپاڵ ئیسرائیل و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی کرد.
بەشێک لە درۆن و مووشەکەکانی شەوی رابردووی ئێران بە ئاسمانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕبوون، کە ژمارەیەکیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکاوە لە سنووری سلێمانی و هەولێر خرانەخوارەوە.
AM:11:32:14/04/2024
ئهم بابهته 532
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت