نێچیرڤان بارزانی: داواکارین حکومەتی عێراق ئەرکی خۆی بەرامبەر قوربانییان جێبەجێ بکات

‌نێچیرڤان بارزانی

وێستگه‌نیوزـ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 36ـەمین ساڵیادی ئەنفالدا رایگەیاند، "داواكاریمان له‌ حكومه‌تى فیدراڵى عێراق دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌؛ بۆ به‌جێگه‌یاندنى دادوه‌رى، ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێ بكات و قوربانییان له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بكاته‌وه".

 
ئەمڕۆ 14ي نيساني 2024، 36 ساڵ بەسەر شاڵاوی ئەنفال تێپەڕ دەبێت. لەو ساڵیادەدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە.
 
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "ئەمڕۆ یادى خه‌مگینى 36 ساڵه‌ى هه‌ڵمه‌ته‌ به‌دناوه‌كانى ئه‌نفال و زیاتر له‌ 182 هه‌زار منداڵ و ئافره‌ت و پیاو و گه‌نجى ئه‌نفالكراوى كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ سامناكترین تاوان و جینۆسایدى مێژوودا ساڵى 1988 له‌سه‌ر ده‌ستى رژێمى ئه‌وساى به‌غدا شه‌هید كران و لێكه‌وته‌كانى تائێستا و تا داهاتوویه‌كى درێژ، به‌رده‌وام ده‌بن. له‌م یاده‌دا به‌ رێز و شكۆدارییه‌وه‌ به‌ بیریان ده‌هێنینه‌وه‌ و سه‌رى رێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گیانى پاكیاندا داده‌نوێنین".
 
تاوانی ئەنفال بە ھەشت قۆناخی یەک لە دوای یەک لە 22ـی شوباتی 1988 دەستیپێکرد و، تاوەکو 6ـی ئەیلوولی 1988 بەردەوام بوو. قۆناخی سێی ئەنفال کە رۆژی 14-4ـی 1988 بوو، بەهۆی ئەوەی زۆرترین قوربانی هەبوو و گەورەترین کۆمەڵکوژی تێدا کرا، بەراورد بە قۆناخەکانی دیکە، بۆیە بە رۆژی ئەنفال دیاریکراوە.

دەقی پەیامەکە:
ئه‌مڕۆ يادى خه‌مگينى سى و شه‌ش ساڵه‌ى هه‌ڵمه‌ته‌ به‌دناوه‌كانى ئه‌نفال و زياتر له‌ 182 هه‌زار منداڵ و ئافره‌ت و پياو و گه‌نجى ئه‌نفالكراوى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ له‌ يه‌كێك له‌ سامناكترين تاوان و جينۆسايدى مێژوودا ساڵى 1988 له‌سه‌ر ده‌ستى ڕژێمى ئه‌وساى به‌غدا شه‌هيد كران و لێكه‌وته‌كانى تا ئێستا و تا داهاتوويه‌كى درێژ، به‌رده‌وام ده‌بن. له‌م ياده‌دا به‌ ڕێز و شكۆدارييه‌وه‌ به‌ بيريان ده‌هێنينه‌وه‌ و سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گيانى پاكياندا داده‌نوێنين.

له‌ كاتێكدا دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق ئه‌م تاوانه‌ى به‌ جينۆسايد ناساندووه‌، داواكاريمان له‌ حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ بۆ به‌جێگه‌ياندنى دادوه‌رى، ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێ بكات و قوربانييان له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ و قه‌ره‌بوو بكاته‌وه. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ خزمه‌تكردنى باشترى كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى ئه‌نفالكراوان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌كه‌ينه‌وه‌ و هه‌رچى له‌ توانادا بێت، ده‌بێ درێخييان بۆ نه‌كرێت.

كه‌سوكارى ئازيزى ئه‌نفالكراوان دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ تا كۆتايى له‌ پرۆسه‌ى گه‌ڕان به‌دواى ڕوفاتى شه‌هيداندا و گێڕانه‌وه‌يان بۆ باوه‌شى نيشتمان به‌رده‌وام ده‌بين. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ كار و هه‌وڵى هه‌مه‌لايه‌نه‌مان ده‌كه‌ينه‌وه‌ بۆ ئه‌وەى تاوانى ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تيش به‌ جينۆسايد بناسرێت و هه‌رگيز تاوانێكى وا له‌ هيچ شوێنێكى جيهان دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.

له‌م ياده‌دا جه‌خت له‌ ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييى ته‌واوى لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ مه‌رجى پاراستن و مانه‌وه‌ى ماف و ده‌سكه‌وته‌كان و فيدراڵى و قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستانه‌. يادى شه‌هيدان هه‌ميشه‌ به‌ خێر و دروود له‌ گيانى پاكيان، سڵاو له‌ خێزان و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان.

نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2024/4/14


AM:10:53:14/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت