فەرماندەی باڵای بزوتنەوەی تاڵیبان له‌ جه‌ژندا ده‌ركه‌وت

‌مەلا هیبەتوڵا ئاخوندزادە، فەرماندەی باڵای بزوتنەوەی تاڵیبان

وێستگه‌ نیوزـ

سەرۆکی ئەفغانستان کە زۆر بە دەگمەن لە شوێنە گشتییەکان دەردەکەوێت، بۆ جەژنی رەمەزان لە زێدی خۆی لە قەندەهار دەرکەوت و پێشنوێژیی کرد و وتاری جەژنی دا.

زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان رایگەیاند: مەلا هیبەتوڵا ئاخوندزادە، فەرماندەی باڵای بزوتنەوەی تاڵیبان لە رێوشوێنێکی ئەمنیی توندتیژدا مزگەوتی "عیدکاه" لە ناوچەی قەندەهاری باشوری ئەفغانستان بۆ هەزاران نوێژخوێن وتاری داوە، میدیا جیهانییەکانیش دەڵێن، لە ساڵی 2021ەوە کە تاڵیبان گەراوەتەوە ئەفغانستان، هیچ جەژنێک ئاوا رێوشوێنی ئەمنیی توند نەگیراوەتەبەر، هۆکارەکەش دەرکەوتنی فەرماندە باڵاکەی تاڵیبان بووە.

هەر بەپێی میدیا جیهانییەکان، لەوکاتەوەی کە ئاخوندزادە لە ساڵی 2016 بووەتە فەرماندەی تاڵیبان، زۆر بە دەگمەن بەشێوەیەکی ئاشکرا دەرکەوەتوە.

شایەتحاڵێک بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندوە، بەهۆی زۆریی هێزە ئەمنییەکانەوە نەتوانراوە بەباشی ئاخوندزادە ببینرێت و ئەو لە شوێنێکی تایبەتی مزگەوتەکە وتاری داوەو خەڵکیش لە دەرەوەی مزگەوتەکە بوون و رێگەنەدراوە هاوڵاتیان بچنە شوێنی وتارەکەی.

بەپێی ئاژانسەکە، فەرماندە باڵاکەی تاڵیابان بە عەمامەیەک و بە ریشێکی درێژی ماش و برنجییەوە دەرکەوتووە، خۆی لە قەندەهارەوە مەراسیمەکانی وڵاتەکەی بەرێوەدەبات و حکومەتەکەشی لە کابول-ی پایتەخت داناوە.


PM:04:21:10/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو