ئەمڕۆ 21 ساڵ بەسەر پڕۆسەی ئازادکردنی عێراقدا تێدەپەڕێت


وێستگه‌نیوزـ

لەدوای راگەیاندنی پڕۆسەی ئازادی عێراق و هاتنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان ئەمڕۆ 9ی نیسان، 21 ساڵ بەسەر رووخانی رژێمی بەعسدا لە عێراق تێدەپەڕێت. ئەو رۆژەی لە یادەوەریی عێراق و کوردستاندا ناسڕێتەوە.


ئەمڕۆ رێکەوتی 9ی نیسان، 21 ساڵ بەسەر پڕۆسەی ئازادی عێراق و روخانی رژێمی بەعس بەسەرۆکایەتی "سەدام حسێن" لە عێراق تێدەپەڕێت، هێشتا زۆرێک لە عێراقییەکان ئەو رۆژانەیان وەک یادەوەرییەکی ناخۆش لەبیر ماوە.

رژێمی بەعس، ئەو رژێمەی بە دیکتاتۆر ناوی دەرکردووە، کە بووە هۆی ئەنجامدانی چەندین کۆمەڵکوژی و ئەنفال و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بەرامبەر بە کورد.

دەسەڵاتی رژێمەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1968 بۆ 2003 و لەو ساڵانەدا عێراق رووبەڕووی سەختی زۆر بووەوە، بە جۆرێک سیاسەتی رژێمەکە وایکرد لەگەڵ ئێرانی وڵاتی هاوسنووریدا ببێتە شەڕی و هەشت ساڵ لە شەڕ بەردەوام بوون.

ئێستاش بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی عێراق کە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا ژیاون، یادەوەرییە ناخۆشەکانی ئەو کاتەیان لە خەیاڵدایە، تەنانەت زۆرێک لە گەنجەکان کە لەو ساڵانەدا مێردمنداڵ بوون، ئازاری ئەشکەنجەکانی زیندان لە ناخیاندا ماوە و چەندان کەسی دیکە رۆژ بە رۆژ برینی لەدەستدانی کەسوکار و رۆڵەکانیان بەهۆی ئەو رژێمەوە دەکولێتەوە.

رووخانی رژێمی بەعس

لە شوباتی ساڵی 2003، کۆڵن پاوڵی وەزیری ئەوکاتەی دەرەوەی ئەمریکا گرووپی ئەنسارولئیسلامی بەوە تۆمەتبار کرد، رۆڵیان ھەبووە لە پەیوەندی نێوان ئوسامە بن لادنی سەرۆکی رێکخراوی ئەلقاعیدە و حکومەتی عێراقدا.

لە20ی ئازاری 2003، ھێزە ھاوپەیمانەکان بە سەرکردایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ھێرشی ئاسمانیان بۆسەر عێراق دەست پێکرد و ھەردوو پارێزگای (کەرکووک و مووسڵ) رووبەڕووی بۆردومانێکی چڕ بوونەوە.

لە22 ی ئازاری 2003، ھێزی کروزی ھاوپەیمانان بە ھێرشی ئاسمانی و ساروخ توانیان لە گرووپی ئەنسارولئیسلام بدەن کە بارەگایان لە ناوچەی هه‌ورامان بوو.

لە 27ی ئازاری 2003، سەدان مارێنزی ئەمریکی لە باکووری ھەولێر بە پەرەشووت نیشتنەوە و داخڵی خاکی کوردستان بوون. بەم شێوەیە دەروازی باکوور بۆ ھێزە ھاوپەیمانەکان کرایەوە تا بتوانن ھێرش بکەنە سەر حکومەتی عێراقی.

لە 9ی نیسانی 2003، ھێرشی ھێزە ھاوپەیمانەکان بۆسەر خاکی عێراق دەستی پێکرد و دەسەڵاتی حکومەت شکێنرا لەناو شاری بەغدا، حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش بە ھاوکاری ھێزە ھاوپەیمانەکان توانیان کۆنتڕۆڵی شاری کەرکوک و موسڵ بکەن.

کەم کەس هەیە ئەو دیمەنەی لەیاد نەبێت کە تیایدا پەیکەری سەدام حسێنی سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق دەڕوخێنرێت.

دوای هێرشەکان 150 هەزار سەربازی ئەمریکی و 40 هەزار سەربازی بەریتانی هاتنە ناو خاکی عێراق و دوای سێ هەفتە لەبەرواری نۆی نیسانی 2003 دا شاری بەغدا کەوتە دەست هێزەکانی ئەمریکا.

دواتر، سەدام حسێن بۆماوەی هەشت مانگ بێسەروشوێن بوو و دوای ئەوەی دۆزرایەوە و دەستگیرکرا، لە کانوونی دووەمی ساڵی 2006 لەسێدارە درا.


AM:11:33:09/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت