شاره‌زایه‌كی هه‌ڵژاردن: له‌و بڕوایه‌دانيم پارتی رێگری له‌ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن بكات


وێستگه‌نیوزـ

هێشتا پرسی ئه‌نجامدان و ئه‌نجام نه‌دانی هه‌ڵژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان مشتومڕی گه‌رمی له‌سه‌ره‌، شاره‌زایه‌كی هه‌ڵژاردن پێی وانیه‌ پارتی بێ به‌شداری خۆیشی رێگری له‌ به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسه‌كه‌ بكات، په‌رله‌مانتارێكی پارتیش ده‌ڵێت، پارتی نەیوتووە هەڵبژاردن ناکەم یا بایکۆت دەکەم بەڵکو دەڵێت حازرم بۆ هەڵبژاردن بەڵام کۆمەڵێک تێبینیم هەیە.


سەربەست ئامێدی شاره‌زا له‌بواری هه‌ڵبژاردن به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند: لە ساڵی 2004وە هەموو هەڵبژاردنەکانی عێراق تا ئێستا، هەڵبژاردنەکانی کوردستانیش تا 2014 هەر ئەم کۆمسیۆنە ئەنجامی داوە، هەموو ئاڕاستەکان بەو ئاڕاستەیەن کە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە کاتی خۆیدا لە10ی مانگی شەشی 2024 ئەنجامدەدرێت.

وتیشی: "قسەکەشم بینایە لەسەر قسەکانی کاک نێچیرڤان و کاک بافڵ، بەڵام لە رووی کردارییەوە بەو پێیەی پارتی حزبی یەکەم بووە لە کوردستان دەنگدەری زۆری هەیە بۆیە بەشداری نەکردنی دەنگدەری ئەو حزبە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر رێژەی بەشداربووانی هەڵبژاردن، ئەگەرنا لەو بروایەدام پارتی رێگە بدات بێ بەشداری خۆیشی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بەڵام بێ بەشدارینەکردنی پارتی کەموکورتی زۆری تێدا دەبێت، چونکە سیاسەت لە کوردستان بەبێ پارتی یا بێ یەکێتی ناکرێت، تائێستا هیچ هەڵبژاردنێیک لە کوردستاندا نەکراوە بێ بەشدارینەکردنی یەکێک لەو لایەنانە".

باسی له‌وه‌شكرد: "هەموو لایەنەکان لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەشداربوون کە هەر ئەم کۆمسیۆنە کۆتایی ساڵی رابردوو ئەنجامیدا، بۆ تێبینی لایەنەکان سەبارەت بە نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر ئەوە کۆمسیۆن دەبێت چارەیەکییان بۆ بدۆزێتەوە، هەندێک لەو گرفت و رەخنانەی ئێستا هەیە دەکرێت کۆمسیۆن چارەسەرییان بکات، سەبارەت بە خوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەر".

باسی له‌وه‌شكرد: "لەو ماوەیەی تۆماری دەنگدان نە حزبەکان نە ئەو خەڵکانە بۆ خۆیان نەچوون دەتوانرا ئەوکاتە هەرکەس بچووایە بیووتایە ئەوە ناسنامەکەم بەس پەنجەمۆرەکەم بخوێنێتەوە ئەوکات چارەسەر دەکرا، بەداخەوە نە حزبەکان و نە خەڵکیش گرنگی نادەن بە ماوەی تۆماری دەنگدان کە ماوەکە تەواو دەبێت دواتر باسی دەکەن، هەرچەندە ئێستاش بەشێکی بە رێژەیەک چارەسەر دەکرێت".

ئه‌و شاره‌زایه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌شی وتووه‌: "ئەو نوسینەی ئەنجومەنی کۆمسیاران کە باسیان کردووە سەبارەت بە نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری ئەو رێژەیە، بەم شێوەیە باسی کردووە کە لە سلێمانی لە 13%یە، لە هەولێر لە 14%یە، لە دهۆک لە 11%یە، من کردوومە بە ژمارە، لە دهۆک ئەو ژمارە دەکاتە 77 هەزار، لە سلێمانی 134هەزار، هەروەها لە هەولێر دەکاتە 144هەزار، یانی کۆی ئەوانەی پەنجەمۆرییان ناخوێنرێتەوە دەکاتە 357 هەزار، کەئەمە بەڕاستی رێژەیەکی زۆرە، چونکە ژمارەی دەنگدەری هەرێم دوو ملیۆن دەنگدەرە، بۆیە کۆمسیۆن پێویستە رێگاچارەیەک بدۆزێتەوە تا رۆژی دەنگدان بەشێکیش بێت لەوانە چارەسەر بکات".

هاوكات سروە محەمەد، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق وتی: "ئێمە کەباسی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین لە ئێستادا پەیوەندی بە قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئەم هەڵبژاردنە چارەنوسسازە، چونکە ئێمە ئێستا کەوتوینەتە ناو بۆشاییەکی یاساییەوە کە ئەمە کاریگەری زۆری دەبێت، ترسی ئەوەمان هەیە بەوهۆیەوە لە داهاتوودا قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر هەڕەشەوە لەسەر هەرێمی کوردستان بۆیە پێویستە".

ده‌شڵێت: "ئێمەش وەک یەکێتی تێبینیمان هەیە لەسەر هەندێک شت و ناو نەهاتنەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەڵام پاراستنی قەوارەی هەرێم لەسەرو هەموو بەرژەوەندییەکانە، چونکە ئەم قەوارە بەئاسانی بنیاد نەنراوە، ترسمان هەیە لەدرێژەی نەکردنی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وردە وردە کار بکرێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بگوازرێتەوە بۆ عێراق کە دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری تر لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە بدات".

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کۆمسیۆن من لەو بڕوایەدانیم کە لایەنەکانی ناو پەرلەمان بەوە رازی بن، لەهەموو حاڵەتەکاندا هەروەک بافڵ تاڵەبانیش دوێنێ جەختیکردەوە کە دەبێت هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت".

هەتا حکومەتێکی بەهێز لە عێراق دەبێت، کوردستانیش بەهێز دەبێت، دەبێت کورد بەیەکگرتووی بەشدار بێت لە بڕیارەکان لە بەغداد بوونی هەبێت.

لای خۆیه‌وه‌ شوان کەلاری، بڕیارده‌ری فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق وتی: "باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وەک بابەتێکی سەرەکی یا ئەجێندای بەرنامەی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا نەبووە، باس کراوە لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەوانەیە زۆر باس نەکرابێت لە کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی وەک جوزئیات، چونکە بابەتەکە زیاتر پەیوەندیدارە بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمەوە کە پێنج جار وادەی هەڵبژاردنی دیاریکرد، بەڵام چوار جاری پێشوو لایەنی تری سیاسی ئامادەنەبوون، ئێستاش زیاتر پەیوەندیدارە بەناوخۆی کوردستان و رێککەوتنی لایەنەکان نەک بەغدا".

باسی له‌وه‌شكرد، پارتی خۆی ئەندامی هەیە لەناو کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە وردی ئاگاداری کاروبارەکانە، بەشێک لەو400 هەزارەی پارتی باسی دەکات پێشتر لە هەڵبژاردنەکانی تر دەنگیان داوە و بەشێکی تریش ئەمساڵ تەمەنییان گەیشتووەتە دەنگدان.

ده‌شڵێت: "ئەوەی چۆن دەزانین ئەوانە ئەندام و دەنگدەری پارتین، با لێرەدا باسی بکەم، رەنگە هەندێک کەس بڕوا نەکات کە پارتی سیستمێکی داتابەیسی پێشکەوتووی وردی رێکخستنەکانی خۆی هەیە کە وای بۆدەچم چەندین ملیۆن دۆلاری تێدا خەرجکرابێت، جا ئەو 400 هەزارەی پەنجەمۆرییان ناخوێنرێتەوە لە رێگای لێدان لەو داتا بەیسە دەرکەوتووە کە سەروو 200 هەزارییان ئەندامی رێکخستنەکانی پارتین، ئینجا ئەڵێن ئاوارەی سوری و ئێرانین، ئەوە بەشێکە لەو ئیرهابەی کەبەرامبەر پارتی دەکرێت لە رێگای ئەو بانگەشانەوە، ئێخۆ 160هەزار لەوانە لەناو سلێمانین".


AM:10:44:09/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت