روماڵی ئاگركەوتنەوەكەی بازاڕی لەنگەی هەولێر هێزی ئەمنی توڕە دەكات


وێستگه‌ نیوزـ

سه‌نته‌ری میترۆ رایگه‌یاند كه‌ هێزە ئەمنییەكانی هەولێر رێگری و سوكایەتی بەرامبەر تیمی كەناڵەكانی راگەیاندن دەكات و لە شوێنی روداوەكە دوریان دەخاتەوه‌، یه‌كێك له‌و كه‌ناڵانه‌ش كه‌ سكاڵای خۆی له‌سه‌ر رێگری و مامه‌ڵه‌ی خراپی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان گه‌یاندوه‌ته‌ سه‌نته‌ری میترۆ، ده‌زگای میدیایی وێستگه‌ نیوز-ه‌.

سه‌نته‌ری میترۆ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: ئه‌مرۆ 8ی نیسانی 2024، لەكاتی روماڵی روداوی ئاگركەوتنەوە لەبازاڕی لەنگەی شاری هەولێر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، رێگری لە هەندێك دەزگای میدیایی كراوه‌ روماڵی روداوی ئاگركەوتنەوەكە بكەن.

بە پێی سكاڵای ئەو دەزگایانە بۆ سەنتەری میترۆ، سوكایەتی بە تیمی میدیایی كەناڵی ئێن ئاڕتی ( هێرش قادر، محمد ئیسماعیل)، تۆڕی میدیایی ئێستا (دیاری حسێن، رێبین عەلی)، دەزگای ستاندارت (دیاكۆ حسێن)، ئاژانسی ئەنادۆڵ ( هێمن حسێن، ئیحسان محمد)، وێستگە نیوز(شاهین فوئاد، ئەحمەد شاخەوان)، بوار نیوز (نەبەز رەشاد، ئیدریس جەرجیس) كراوە.

سه‌نته‌ری میترۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ "رێگری هێزە ئەمنیەكان و سوكایەتی و دورخستنەوەی كەناڵەكانی میدیا لە شوێنی رووداوەكە پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنووسانە لە روماڵكردن كە یاسای رۆژنامەگەری ئەو مافەی پێداون."

له‌كۆتایی به‌یننامه‌كه‌شدا سه‌نته‌ری میترۆ رایگه‌یاندوه‌ كه‌ "سەركۆنەی هەموو جۆرە رێگری و سوكایەتییەك دەكات بەرامبەر بە دەزگاكانی میدیا و داواش لە وەزیری ناوخۆ دەكات لێپرسینەوە بەرامبەر یاساشكێنی ئەو هێزانە بكات و رێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ دووبارە نەبوونەوەیان.”


PM:04:06:08/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت