فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ 737-800 بەرگی بزوێنەرەکەی لێبوەوە و بەناچاری نیشتەوە


وێستگەنیوز- ئاژانسەکان

فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ساوسوێست بەناچاری لە شاری دێنڤەری ویلایەتی کۆلۆرادۆ نیشتەوە، دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە لەکاتی بەرزبوونەوەیدا بەرگی یەکێک لە بزوێنەرەکانی کەوتە خوارەوە.


بەپێی بەیاننامەیەکی FAA، فڕۆکەی 3695ی ساوسوێست گەڕاوەتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دێنڤەر "دوای ئەوەی تیمەکە ڕایانگەیاندووە کە بەرگی بزوێنەر لە کاتی بەرزبوونەوەدا کەوتۆتە خوارەوە و بەر باڵەکەی کەوتووە.

فڕۆکەکە  ڕۆژی یەکشەممە کاتژمێر ٨:١٥ (١٤:١٥ بە کاتی بەیانی) بەرەو شاری هیوستن بەرزبووەتەوەو بەناچاری نیشتۆتەوە.

ساوسوێست بۆ سی ئێن ئێن پشتڕاستی کردەوە کە هیچ کام لە سەرنشینەکان بریندار نەبوون.

بەپێی هەواڵێکی کەناڵی ABC News، کۆمپانیاکە هۆکاری ڕووداوەکەی بۆ "کێشەیەکی تەکنیکی" گەڕاندووەتەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرنشینەکان بۆ گەشتکردن لە گەشتەکانی دیکەدا پارێزراون.

ئەم ڕووداوە کێشەکانی بەردەم کۆمپانیای بۆینگ زیاد دەکات، کە بەم دواییە گۆڕانکارییەکی گەورەی لە پۆستەکانی بەڕێوبردندا کردووە، ئەمەش  دوای ڕووداوێکی نزیک لە کارەساتبار لە مانگی یەکدا کاتێک دەرگایەک لە  فڕۆکەیەکی بۆینگ ٧٣٧ ماکس ٩ی هێڵی ئاسمانی ئەلاسکا لە ناوەڕاستی فڕیندا لێ بووەوە

هەروەها دوای ئەوەش دێت کە فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ ٧٣٧ کە سەر بە کۆمپانیای ساوسوێست ئێرلاینزی ئەمریکی بوو، کە لە ویلایەتی تەکساسەوە بەرەو لۆس ئەنجلۆس دەڕۆیشت، ڕۆژی پێنجشەممە ناچار بوو لەکاتی بەرزبونەوەیدا  بوەستێنێت و بگەڕێتەوە فڕۆکەخانە، دوای ئەوەی ئاگر لە بزوێنەرەکەی کەوتەوە.


PM:02:50:08/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 524 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو