نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق تاوتووێی دۆخی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمیان كرد

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە

وێستگه‌نیوزـ

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئالینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌عێراق كۆبوونه‌وه‌ و تاووتوێی پرسى مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێم دۆخى ناوخۆ و هه‌ڵبژاردنیان كرد.


به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 7ی نیسانی 2024، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ ئالینا رۆمانۆوسكى، باڵیۆزى ئه‌مریكا له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌رباره‌ى دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسیى عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا له‌ژێر رۆشناییى دوا به‌ره‌وپێشچوونه‌كان و رێككه‌وتنى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فیدراڵ له‌سه‌ر پرسى مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ناوخۆ و هه‌ڵبژاردنى هه‌رێمى كوردستان، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌: هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیریى سیاسیى وڵات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر پێویستیى هاریكارى و هه‌ماهه‌نگى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عێراق و به‌رده‌وامى هه‌وڵ و گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كان هاوڕا بوون.

"دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا، په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ تیایدا باس له‌ به‌رنامه‌ى سه‌ردانى چاوه‌ڕوانكراوى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقى فیدراڵ بۆ واشنتۆن كرا"، ئه‌مه‌ش به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم.


PM:02:50:07/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 680 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت