راگەیەندراوی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە بارەی کۆبوونەوەکەی شەوی رابردووی بەغدا

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە

وێستگه‌نیوزـ

بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە کۆشکی سەرۆکایەتی حکومەتی عێراق، لە سەر کۆی پێشهاتەکانی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کۆبووەوە و جەختیان لە پابەندبوون بە ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتننامە سیاسییە کردەوە کە حکومەتی عێراقی لە سەر پێکهێنراوە.


دوای کۆبوونەوەی سەرکردەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەبارەی دۆسییە هاوبەشەکانی هەولێر و بەغدا کراوە لەگەڵ چۆنییەتی چارەکردنیان وەک ئەوەی لە دەستووردا هاتووە، هاوکات دڵنیایی دراوە لە بەردەوامبوونی کاری هاوبەش و پێکەوەیی بنیاتنەرانە کە خزمەت بە سەقامگیریی و بەرژەوەندییەکانی تەواوی خەڵکی عێراق و پێکهاتەکانی بکات.

هەروەها جەخت لە پابەندبوون بە ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتننامە سیاسییە کرایەوە کە حکومەتی عێراقی سەری پێک هێنراوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پرسەکانی پەیوەست بە دۆخی سیاسی، ئەمنیی و ئابووری گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە لەگەڵ هەنگاوەکانی حکومەت و ئەو رێکارانەی بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووریی و گوزەرانی هاووڵاتییان گرنگە، ئەمەش لە سایەی سەقامگیریی و گەشەپێدان دا.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، گەشتەکەی محەمەد شییاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری بۆ ئەمریکا گفتوگۆی لەبارەوە کراوە لەگەڵ ئەو دۆسیانەی لەو گەشتەیدا سودانی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا باسیان دەکات.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، سەرکردەکانی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت پاڵپشییان بۆ گەشتەکەی سودانی دەربڕیوە و متمانەیان نیشان داوە ئەوەی شاندی عێراقی بە سەرۆکایەتیی سودانی لەو گەشتەدا باسی دەکەن لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکان و رێکخستنەوەی ئاسایش و سەقامگیریی و پەرەپێدانی بەردەوام دەبێت.


AM:09:36:07/04/2024












ئه‌م بابه‌ته 640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت