سودانی: سورین لەسەر خەرجکردنی مووچه‌ی هه‌رێم بەو شێوەیەی دژی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نەبێت


وێستگه‌ نیوزـ

لەدوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان لە بەغدا سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێدوانیان بۆ میدیاكان دا و سودانی وتی: سورین لەسەر خەرجکردنی مووچه‌ی هه‌رێم بەو شێوەیەی دژی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نەبێت، سه‌رۆكی هه‌رێمیش رایگه‌یاند: له‌ چوارچێوەی رێککەوتن کراوە لەنێوان مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی، دەست بە دابەشکردنی مووچە کراوە.

له‌ لێدوانه‌كه‌یدا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند " لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و یاسای بودجەی گشتی کراوە، یەکێک لەو بابەت و باسە گرنگانەی باسکراون و گرنگە بۆ رۆڵەکانمان لە هەرێمی کوردستان بریتییە لە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان؛ وەزارەتی دارایی عێراق بە هه‌ماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بۆ تەواوکردنی ئەو رێکارانەی پێش بەبانکیکردنی مووچە پێویستن، کە دادگای فیدراڵی جەختی لەسەر کردووەتەوە."

 وتیشی:"مووچەی مانگی شوبات و ئادار بەتەواوی دابەشکراون و، ئێمە رشدین لەسەر خەرجکردنی پارە بەو شێوەیەی دژی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی نەبێت."

هاوكات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی "جەختمان لە پشتیوانیی خۆمان بۆ سەرخستنی کارنامەی حکومەت کردەوە هەروەها جەختمان لەسەر جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتننامەیە کردەوە کە بۆ پێکهاتنی حکومەت کراوە، خۆشحاڵین لە ئەنجامی ئەو رێککەوتنە، دەستکراوە بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەو چوارچێوەی رێککەوتن کراوە لەنێوان مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی، هیوادارین ئەوە بەردەوامیی هەبێت."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی له‌وه‌شكرد كه‌ له‌گه‌ڵ سودانی گفتوگۆیان له‌سه‌ر بابەتی نەوتیش کردوه‌ و هەتا ئێستا هەندێک کێشە هەن، بەڵام "وەک مەبدەئـ هەندێک رێککەوتنی باش کراون."


PM:10:52:06/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 816 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت